ئاماری نوێی شەڕی هیندستان و پاکستان؛ نزیکەی 40 کوژراو هەن

07-05-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی نوێترین ئامار کە بەرپرسانی هیندستان و پاکستان بۆ میدیاکانیان ئاشکرا کردووە، نزیکەی 40 کوژراو لە هەردوولا بەهۆی پێکدادانەکانی شەوی رابردوو هەن و ژمارەی بریندارانیش نزیکەی 100 کەسن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی ئایار عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان رایگەیاند، لە هێرشەکانی سوپای هیندستان بۆسەر وڵاتەکەی "26 هاووڵاتیی سڤیل" کوژراون و 46ی دیکەش بریندار بوون. ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسلام ئاباد لە کات و شوێن و بە رێگەی تایبەتی خۆی وەڵامی نیودێلهی دەداتەوە.

هاوکات بەرپرسێکی هیندستانیش بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، لە هێرشی سوپای پاکستان بۆسەر "پۆلیسی هیندستان لە کشمیر" 10 کەس کوژراون و 48ی دیکەش بریندارن.

لەلایەکی دیکەوە مەریەم نەواز، سەرۆکی هەرێمی پەنجابی پاکستانی باری نائاسایی لەو سنوورە راگەیاند، نەخۆشخانە و هێزە ئەمنییەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

 
جەنەراڵ ئەحمەد شودەری، گوتەبێژی سوپای پاکستان رایگەیاند، بە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی و زەوینی وەڵامی هیندستان دەدەنەوە، خستنەخوارەوەی دوو فڕۆکەی هیندستانیشی راگەیاند.

بە گوتەی شودەری، هیندستان بەنداوێکی بەرهەمهێنانی کارەبای لە پاکستان کردووەتە ئامانج و دەشڵێت، "بەنداوی نیلۆم جیلۆم بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا کراوەتە ئامانج، کە نزیکە لە سنووری نێوان کشمیری هیندستان و پاکستان."

 
هەروەها روڤێن ئازار، باڵیۆزی ئیسرائیل لە هیندستان پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ هیندستان دەردەبڕێت و لە پۆستێکدا لە ئێکس نووسیویەتی، "ئیسرائیل پاڵپشتیی مافی بەرگریلەخۆکردنی هیندستان دەکات. تیرۆریستان دەبێت بزانن کە هیچ شوێنێکیان نییە بۆ خۆشاردنەوە لەو تاوانە قێزەونانەی دژی خەڵکی بێتاوان دەیکەن."

لە کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، حکومەتی پاکستان لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییە بە سەرۆکایەتیی شەهباز شەریف و بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانەوە بڵاوبوونەتەوە، وەڵامدانەوەی هیندستان یەکێک دەبێت لە بابەتەکان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.