سەرۆکی چین لە مۆسکۆیە و بەشداریی "رۆژی سەرکەوتن"ـی رووسیا دەکات

07-05-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بۆ بەشداریکردن لە ساڵیادی "رۆژی سەرکەوتن"ـی رووسیا، شی جینپینگ، سەرۆکی چین گەیشتە مۆسکۆ و لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە.

کاژێر 6:00ـی ئێوارە [بەکاتی هەولێر]ی رۆژی چوارشەممە، 07-05-2025 سەرۆکی چین گەیشتە فڕۆکەخانەی ڤنۆکۆڤۆی مۆسکۆ.
 
بڕیارە شی جینپینگ سێ رۆژ لە رووسیا بمێنێتەوە و بەشداری لە ساڵیادی (رۆژی سەرکەوتن) بکات و لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین کۆبێتەوە.
 
رۆژی سەرکەوتن لە 9ـی ئایاری هەموو ساڵێک بەبۆنەی "سەرکەوتنی رووسیا بەسەر ئەڵمانیای نازی لە جەنگی دووەمی جیهانی" یاد دەکرێتەوە، تێیدا سەرکردە بانگهێشتکراوەکانی جیهان لە گۆڕەپانی سوور لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە و بینەری مانۆڕێکی سەربازیی تایبەتی رووسیا دەبن. 
 
رۆژی هەینی مۆسکۆ ساڵیادی 80ـیەمی (رۆژی سەرکەوتن) دەکاتەوە و سەرۆکی نزیکەی 30 وڵاتی جیهان ئامادە دەبن.
 
بەشێک لە سەرکردەکانی دیکەی بانگهێشتکراو بۆ رووسیا بریتیین لە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر؛ لویز لولا داسیلڤا، سەرۆکی بەرازیل؛ ئەلیکساندەر ڤوچیچ، سەرۆکی سربیا؛ رۆبێرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا؛ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان و نیکۆل پاشنیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا.
 
چەند هەفتەیەک پێش هێرشەکەی شوباتی 2022ـی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، مۆسکۆ و پەکین رێککەوتنی هاوبەشییەکی "بێسنوور"ـیان لە نێوان دوو وڵاتەکەدا راگەیاند. 
 
سەردانەکەی شی جینپینگ لەکاتێکدایە، ململانێ و گرژیی نێوان چین و ئەمریکا لەسەر پێناسە گومرگییە سەپێندراوەکانی ئیدارەی ترەمپ زیادیان کردووە.
 
سەرۆکی چین لە گوتارێکی بۆ رۆژنامەیەکی رووسیا، ستایشی "پەیوەندییە خۆڕاگرەکەی نێوان رووسیا و چین"ـی کردووە و داوایکردووە "وڵاتانی دیکە بەربەست دروست نەکەن."
 
شی جینپینگ نووسیویەتی: "پێویستە هەردوولا کار بۆ پاراستنی دۆستایەتی و متمانەی رووسیا و چین بکەن، سەرەڕای ئاڵنگارییە کاتییەکان سەرنجیان لەسەر دۆستایەتییەکە بێت؛ هەروەها ئەو هاوبەشییە بەهێزە بۆ پشتیوانیکردن لە جیهانێکی فرەجەمسەر و داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی بەکاربهێنن."
 
لەلایەکی دیکەوە کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکەی بە "نموونەیەکی راستەقینە لە کاری هاوبەش" ناوبرد و رایگەیاند: "پەیوەندییەکان لە بەرزترین ئاستن."
 
بەگوێرەی کرێملین، پووتین و شی جینپینگ دوو بە دوو کۆدەبنەوە و گەنگەشەی جەنگی ئۆکراینا و پەیوەندییەکانی رووسیا لەگەڵ ئەمریکا دەکەن.
 
وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند: "دوو سەرۆکەکە وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان یەکدەخەن، جەخت لە بەڕێوەبردنی دادپەروەرانە دەکەنەوە، دژی تاکڕۆیی و هەراسانکردن دەوەستنەوە و کار بۆ جیهانێکی فرەجەمسەری دادپەروەر و جێگیر دەکەن."
 
بڕیارە پووتین لە ئاهەنگی ساڵیادەکە گوتارێک پێشکێش بکات. سەرۆکی رووسیا بەبۆنەی ئەو ساڵیادە، فەرمانی بە سوپا کردووە سێ رۆژ شەڕ لەگەڵ ئۆکراینا رابگرن. لە بەرامبەردا، ئۆکراینا داوای کردووە مانگێک جەنگ بووەستێت، نەوەک سێ رۆژ. 
 
لە مانۆڕە سەربازییەکەی رووسیادا سەربازی 13 وڵاتی بیانی نمایشیان دەبێت. چین یەکێکە لەو وڵاتانە و 102 سەربازی ناردووە. 
 
لە جەنگە سێ ساڵییەکەی نێوان ئۆکراینا و رووسیادا چین خۆی بە "بێلایەن" پێناسەکردووە، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن، بەهۆی نزیکییان لەیەکەوە، چین پشتیوانیی دیپلۆماسی و ئابووریی رووسیای کردووە.
 
مانگی پێشوو ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، چینی بەوە تۆمەتبارکرد کە "چەکی بە رووسیا داوە و لانیکەم 155 سەربازی چینی لە رووسیا شەڕ دژی ئۆکراینا دەکەن." چین هەردوو تۆمەتی رەتکردەوە.
 
لە 10 ساڵی رابردوودا چین و رووسیا پەیوەندییەکانیان تووندوتۆڵتر کردوون، مۆسکۆ گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی پەکینە. لەلایەکی دیکەوە چین پشتێکی قایم بە گازی سرووشتی و نەوتی رووسیا دەبەستێت. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.