رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە سنووردار دەکات کە ئەگەر زۆرە دوای گەیشتنیان بەو وڵاتە، داوای مافی مانەوە و پەنابەرێتی بکەن.
هاووڵاتییانی پاکستان، نایجیریا و سریلانکا لەنێو هاووڵاتی ئەو وڵاتانەدان حکومەتی بەریتانیا پێدانی ڤیزە پێیان ئەستەم دەکات.
چاوەڕوان دەکرێ هەفتەی داهاتوو حکومەت پلانەکە تاوتوێ بکات، ئەوەش وەک هەنگاوی داهاتووی ئەو وڵاتە بۆ کەمکردنەوەی وەرگرتنی ژمارەی پەناخوازان کە ساڵی رابردوو 728 هەزار کەس داوای مافی مانەوەیان کردووە.
گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت: "بۆ بەرەنگاربوونەوەی خراپ بەکارهێنانی دەرفەتی ڤیزەدان لەلایەن هاووڵاتیانی بیانییەوە کە بە ڤیزەی کار و خوێندن دێن و دواتر داوای مافی پەنابەری دەکەن، زانیاری لەسەر ئەو کەسانە کۆدەکەینەوە بۆ ئەوەی زووتر و خێراتر بیانناسینەوە".
ئەو گوتەبێژە گوتیشی: "بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ سیستمی پێدانی ڤیزە دەکەین و هەر کاتێک هەستمان کرد لە خاڵێکدا رەنگە زیان بە یاسای پەنابەریمان بگەیەنێت، دوودڵ نابین لەوەی کە رێوشوێنی تووند بگرینە بەر".
لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی هەفتەی رابردوودا پارتی کاری دەسەڵاتدار تووشی دۆڕانێکی گەورە بوو. پرسی کۆچ و نەدۆزینەوەی چارەسەر بۆی لە لایەن ئەو پارتەوە بە سەرەکیترینی ئەو هۆکارانە دادەنرێن بوونەهۆی ئەو شکستە.
هەرچی پارتی ریفۆرمی بەریتانیایە کە پارتێکی دژە کۆچبەر و پۆپۆلیستییە، ئەنجامی باشی لەو هەڵبژاردنەدا بەدەستهێنا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتی کار داوا بکەن، پارتەکەیان لە پرسەکانی وەک کۆچبەری، سیاسەتێکی تووندتر پەیڕەو بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ