رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا و ئێران گەڕێکی دیکەی دانوستاندن دەکەن، رەنگە ئەم گەڕەی دانوستاندن گرنگترین و گەڕێکی یەکلاکەرەوە بێت سەبارەت بە بەردەوامبوون یان شکستی ئەم دانوستاندنانە.
بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان بەوەداوە، رەنگە ئەو کۆبوونەوانە بکەونە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو و لە عوممان بکرێن، ئەمەش لەدوای ئەوەهات، پێشتر بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندبوو، کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردوو بە هۆکاری لۆجستییەوە دواخرابوون، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، هیچ کۆبوونەوەیەک دیارنەکرابوو، تاوەکو دوابخرابێت. تاوەکو ئێستاش وەزارەتی دەرەوە پشتڕاستی ناکاتەوە کەی ئەو کۆبوونەوەیە دەکرێت.
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: ''ئەوەی ئێمە دەیزانین و هەفتەی رابردووش لەسەر ئەم پرسیارە قسەمان کردووە، هیچ شتێکی دیاریکراوم نییە بیڵێم کە چی روودەدات، ناتوانم ئەوەش پشتڕاست بکەمەوە کە چی روودەدات، بەڵام هەرکاتێک شتێکمان زانی، ئێوە لەسەر ئەم سەکۆیە دەیبیستن.''
لە سێ گەڕی رابردوودا، خاڵێکی زەق لەنێوان ئەمریکا و ئێران ئەوەیە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت ئێران بە یەکجاری کۆتایی بە پڕۆگرامی ئەتۆمی بهێنێت، ئێرانیش ئەمەی بەتەواوەتی رەتکردووەتەوە. ئەم ناکۆکییەش بووەتە هۆکاری خاوبوونەوەی دانوستاندنەکان.
لە کۆنگرێسی ئەمریکاش بۆچوونی جیاواز لە سەر ئەم کۆبوونەوانە هەن، بەشێکیان بۆچوونیان وایە دەبێت ئەمریکا تووندتر بێت لەگەڵ ئێران، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات بژاردەی سەربازیش بگرێتەبەر، بەڵام بەشێکی دیکەیان بۆچوونیان وایە دەبێت ئەمریکا تووندبێت، بەڵام نابێت ئەم تووندییە سەر بکێشێت بۆ بژاردەی سەربازی.
گلین گرۆسمان، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا (کۆماری) بە رووداوی گوت: ''پێموایە سەرۆک ترەمپ گوشاری ئابووری زیاتر بکات، ئاگادارم هەندێک کەس هەن دەیانەوێت بژاردەی سەربازی بگرنەبەر، ئێمە نامانەوێت ئەوەبکەین، بەڵام لەلایەکی دیکەوە وەک باسم کرد ئێمە وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمیمان زۆرن، بەکارهێنانیشیان رەنگە تەنیا لەسەر کات وەستابێت، رەنگە 10 ساڵی دیکە یان 30 ساڵی دیکە، ئەو بۆمبانە ئۆرشەلیم، یان تەلئەبیب یانیش نیویۆرک یان مەیامی بهەژێنن، بۆیە رووبەڕووی کارەسات بووینەتەوە.''
هەرچەندە مەرجەکەی دۆناڵد ترەمپ تاوکو ئێستا لەلایەن ئێرانەوە رەتکراوەتەوە، بەڵام ترەمپ نایەوێت ئەم پرسە لەگەڵ ئێران لە رێگەی سەربازییەوە یەکلایی بکاتەوە، بۆیەش رەنگەی ئیدارەی ترەمپ بیر لە سەپاندنی سزای تووندتر و گوشاری زیاتری ئابووری و دیپلۆماسی بۆسەر ئێران بکاتەوە، تاوەکو ناچاریان بکات بە مەرجەکانی ئیدارەکەی رازی ببن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ