رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، کۆبوونەوەی بەرپرسانی سوێد و تورکیا بێ ئەنجام کۆتایی پێهات و هیچ پێشڤەچوون بۆ هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی سوێد رووینەداوە.
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی تەممووزی 2023، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی سوێد و تورکیا لە بارەگای سەرەکیی رێکخراوی ناتۆ لە برۆکسێل، رایگەیاند کە کۆبوونەوەکە بێئەنجام بوو و "پرسەکان بە چارەسەرنەکراوی" مانەوە.
ستۆڵتنبێرگ، رایگەیاند، لە پەراوێزی لووتکەی رێکخراوی ناتۆ، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، سوێد و تورکیا بە بەشداریی سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆککوەزیرانی سوێد، کۆدەبنەوە و لەسەر ئەندامێتیی سوێد لە رێکخراوی ناتۆ درێژە بە گفتوگۆکان دەدەن.
ستۆڵتنبێرگ گوتیشی: "کاتی ئەوە هاتووە داواکاریی سوێد بۆ بوونە ئەندامی ناتۆ پەسند بکرێت و کۆتایی پێبهێندرێت."
سکرتێری گشتیی ناتۆ رەتیکردەوە باس لە نیگەرانییەکانی تورکیا بکات، بەڵام گوتی: "لەوە تێدەگەم کە سەرۆک [ئەردۆغان] داوای چی دەکات، ئێمە چەندین جار کۆبووینەتەوە و ئەوەمان باسکردووە و هەر لەبەر ئەوەشە کە هیچ پێشڤەچوونێک رووینەداوە."
ستۆڵتنبێرگ باس لەوە دەکات، "دواخستنی ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ، لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان، کە دوژمنی ئەردۆغانن و ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی رووسیا پێشوازی لێدەکرێت."
پشتگیریکردن لە چالاکڤانانی کوردی دانیشتووی سوێد کە تورکیا بە "تیرۆریست" دەیانناسێنێت و سووتاندنی کۆپیی قورئانی پیرۆز، دوایینیان لەلایەن هاووڵاتییەکی عێراقی لە سوێد نیگەرانی تورکیای لێکەوتووەتەوە و وایکردووە ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانییەکە قبووڵ نەکات.
رۆژی دووشەممە، 3ـی تەممووزی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ "سوێد کاری زیاتری ماوە بیکات."
ئەردۆغان گوتیشی، "لەجیاتی ئەوەی خۆیان بە تاکتیکی کات بەفیڕۆدەر سەرقاڵبکەن، پێمانوایە بردنەسەری بەڵێنەکانیان دەبێتە رێگەیەکی باشتر؛ ئامۆژگاری ئەوان [سوێد] دەکەین بەشێوەیەکی ورد بەخۆیاندابچنەوە و ئەرکەکانی سەرشانیان بەشێوەیەکی باشتر جێبەجێ بکەن."
هاوپەیمانیی ناتۆ لە31 ئەندام پێکدێت؛ بەگوێرەی بڕگەی 5ـی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە: هەر هێرشێک بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرش بۆ سەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکان وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ