کۆچبەرە کوردەکانی یۆنان رزگارکران

07-08-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان رایگەیاند، ئەو کۆچبەرانەی ئێوارەی ئەمڕۆ مەترسی کونبوونی بەلەمەکەیان لە ئاوەکانی یۆنان هەبوو، لەلایەن هێزەی دەریاوانی ئەو وڵاتەوە رزگارکراون و دەبرێنە پارێزگایەکی ئەو وڵاتە.
 
پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان شەوی چوارشەممە، 7ـی ئابی 2024، بەتۆڕی میدیایی روودوی راگەیاند: "ئەو کۆچبەرانەی بەلەمەکەیان کون ببوو و مەترسیی ژێر ئاوکەوتنی هەبوو، لەلایەن هێزی دەریاوانیی یۆنانەوە رزگارکران." 
 
بە گوتەی پێشڕەو عەبدوڵڵا دوای بانگەوازی هێزی دەریاوانیی یۆنان کەشتییەکی سەربازیی هێزەکانی پاراستنی سنووری یۆنان  بەهانای ئەو کۆچبەرانە چووە و لە بەلەمەکەوە گواستراونەتە سەر کەشتییە سەربازییەکە و بۆ پارێزگای کاڵاماتای یۆنان دەگوێزرێنەوە.
 
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە، پێشڕەو عەبدوڵڵا گوتی: "دوای تۆمارکردنیان، ئەو وڵاتە بریار دەدات دیپۆرتبکرێنەوە یاخود لەو وڵاتە بمێننەوە، یان رێگەیان پێ بدرێت بچنە وڵاتی دیکە."
 
کەسوکاری ئەو کۆچبەرانە ئێوارەی چوارشەممە بەو نوێنەرەی کۆمەڵەکەیان راگەیاندبوو کردبوو، بەلەمێک کە نزیکەی 70 کۆچبەری لەسەرە، ە سێ کاژێر دەبێت کونبووە و مەترسیی ژێرئاوکەوتنی هەیە.
 
بەلەمەکە لە نزیک دوورگەی زاکینتۆش بوو، لە باشووری رۆژئاوای یۆنان، دوای زیاتر لە پێنج کاژێر ئەو کۆچبەرانە رزگارکران.
 
ئەو کۆچبەرانە کوردی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانن.
 
بەپێی راپۆرتێکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران؛ لە ماوەی ساڵانی نێوان 2015 تاوەکو شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، 591 کەس لە رێگەی گەیشتن بۆ ئەورووپا بوونەتە قوربانی، لەوانە 343 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، 248ـیشیان بێسەروشوێنن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە