زیلینسکی: نزیکەی 60%ـی چەکی سەربازەکانمان بەرهەمی خۆمانن

07-09-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، نزیکەی 60%ی ئەو چەکانەی لەدەستی سەربازەکانیاندان و لە بەرەکانی جەنگ بەکاریان دەهێنن، لە ناوخۆی ئۆکراینادا بەرهەم دەهێنرێن، هەروەها لە بودجەی ئەم ساڵی وڵاتەکەیان بڕێکی زۆریان بۆ پێشخستنی پیشەسازیی سەربازی تەرخان کردووە.
 
قسەکانی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گوتارێکیدا بوو لە کیێڤی پایتەخت، لەبارەی پێشکەوتنی توانا سەربازییەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەو 60٪ـی چەکەی کە لە وڵاتەکەیان بەرهەمیان هێناوە، "چەکی بەهێزن، زۆریان پێشکەوتوون و بەتوانان."
 
ئۆکراینا بە شێوەیەکی بەرچاو پیشەسازیی بەرگریی ناوخۆیی خۆی فراوان کردووە، ئەوەش لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە لە شوباتی 2022.
 
لە مانگی رابردوودا، کیێڤ چەندین دەستپێشخەریی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی خستووەتەڕوو، لەوانە: کردنەوەی یەکەمین هێڵی هاوبەشی درەستکردنی درۆن لە دانیمارک.
 
لە 4ی ئەیلوولدا سوپای ئۆکراینا رایگەیاند، لەگەڵ دوو کۆمپانیا مووشەکی بالیستیی نوێی پەرەپێداوە، هاوکات لەگەڵ سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی. ئەم هەنگاوەش تەنیا چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە ئۆکراینا رایگەیاند، بەرهەمهێنانی مووشەکی کرووزی "فلامینگۆ"ی چووەتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە.
 
لە بودجەی ساڵی 2025دا، ئۆکراینا بڕی 1.3 ملیار دۆلاری تەرخان کردووە بۆ بەرهەمهێنانی بەرگری بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە هاوکارییە دەرەکییەکان.
 
زیلینسکی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێشتا ئامانجی دیکە هەن دەبێت کاریان بۆ بکەن، بە تایبەتی بەرهەمهێنانی جۆرە جیاوازەکانی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لەنێوخۆی ئۆکرانیا.
 
بەدرێژایی سێ ساڵ و نیوی جەنگئ رووسیا و ئۆکراینا، زیلینسکی داوای لە  وڵاتانی رۆژئاوا کردووە کە چەکی بەرگریی ئاسمانی بۆ ئۆکرانیا دابین بکەن، لەوانەش سیستمی مووشەکی پاتریۆتی ئەمریکی.
 
مانگی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنێکی نێوان ئۆکرانیا و ناتۆی راگەیاند کە رێگە بە وڵاتانی ئەورووپا دەدات چەکی ئەمریکی، لەوانەش پاتریۆت، بۆ ئۆکراینا بکڕن. 
 
ئەو پشتگیرییە لە رێگەی میکانیزمی لیستی پێداویستییە لەپێشینەکانی ناتۆوە دێت کە هاوکاریی دارایی بۆ پێداویستییە هەرە بەپەلەکانی بئۆکراینا دابین دەکات.
 
سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە ساڵی 2025دا سەرکەوتنێکی خێرای بەدەست هێناوە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوخۆیی. زیلینسکی پێشتر لە 16ـی نیسانی ئەم ساڵ رایگەیاندبوو، زیاتر لە 40%ی چەکەکانی بەکارهاتوو لە بەرەی جەنگدا لە ئۆکراینا دروستکراون.
 
پێشتر و لە مانگی شوبات، وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا رایگەیاندبوو، نزیکەی 70%ی ئەو کەلوپەلانەی لە بەرەکانی جەنگ لەلایەن هێزەکانی بەرگرییەوە بەکارهێنراون، هاوکاریی سەربازیی نێودەوڵەتی بوون. 
 
لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵ زیلینسکی رایگەیاند، حکومەتەکەی ئەرکێکی بۆ وەزارەتی بەرگری دیاریکردووە، ئەویش زیادکردنی پشکی چەکەکانی ئۆکراینایە لە بەرەی جەنگدا بۆ 50% لە ماوەی شەش مانگدا.
 
دوایین زانیاری لەبارەی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا:
 
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، لە ئەنجامی هێرشەکانی شەوی رابردووی رووسیا بۆسەر وڵاتەکەیان لانیکەم 4 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
 
بەرگریی شارستانیی ئۆکراینا بڵاویکردەوە، یەکێک لەو شوێنانەی کراوەتە ئامانج کیێڤ بووە و زیانیش بەر چەند باڵەخانەیەک کەوتووە و تەنانەت لە یەکێک لەو باڵەخانانەش ئاگرکەوتوەتەوە. 
 
وەک بەرگریی شارستانیی ئۆکراینا دەڵێت، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا دوو کەس لە کیێڤ کوژراون و 18 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
یولیا سڤیریدینکۆ، سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا گوتی، باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران یەکێک لەو شوێنانە بوو بۆردوومانکرا و بەو هۆیەوە نهۆمەکانی سەرەوەی زیانی بەرکەوت. 
 
سەنتەری توێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، زیاتر لە 950 هەزار سەربازی رووسیا لەو جەنگەدا کوژراون و برینداربوون. میدیای بەریتانیاش باس لەوە دەکات، نزیکەی 400 هەزار ئۆکراینی کوژراون و بریندار بوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە