رووسیا و ئۆکراینا یەکدی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن

08-01-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
پیاوێک لە ناوچەیەکی جەنگ لە باخمووت. وێنە: AFP
پیاوێک لە ناوچەیەکی جەنگ لە باخمووت. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەربازانی رووسی لە بەشێک لە سەنگەرەکانی هێزەکانیان لە هەرێمی زاپۆریژیا ژوورەکانیان بۆ کریسمس رازاندەوە و سەرقاڵی خوێندنەوە و کات بەسەربردن بوون. ئەوان دەڵێن، پابەندی ئەو ئاگربەستەن کە رووسیا تاکلایەنە بۆ کریسمس رایگەیاندووە.
 
سەربازێکی سوپای رووسیا دەڵێت، "بارودۆخی بەرەی جەنگ باش دەڕوات، پابەندی هەموو ئاگربەستەکانین، تۆپباران لەلایەنی ئۆکراینییەوە بەردەوامە. ئێمە نابینە ئامانجی شەڕفرۆشتنیان، ئێمە لە بنکەی خۆمان ماوینەتەوە."
 
لە هەرێمی خێرسۆن لە باشووری ئۆکرایناش بەپێی رۆژژمێری ئۆرتۆدۆکسەکان پشووی کریسمسە. شوێنی موشەکباران بە شەقامەکانی هەرێمەکەوە دیارە. یوری ساک، راوێژکاری سوپای ئۆکراینا بە رووداوی راگەیاند، راگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنە لەلایەن رووسیاوە "درۆیەکی شاخدارە."
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو گوتەبێژی سوپای ئۆکراینا ئاماژەی بەوە کرد، "لەو کاتەی ئاگربەست راگەیێندرا، چەند جارێک رامانگەیاند کە ئەمە پڕوپاگەندەیەکی بێبەهای ناڕاستی ساختەیە، ئەمە زۆر ساویلکەییە کە لایەنێک دەیڵێت کە خەڵکی ئۆکراینا دەکوژێت، لەلایەک وا دەڵێت کە هەوڵدەدات ژێرخانی وزەی ئۆکراینا لەنێوببات، بە کردنی ئەمەش ئەوان جینۆساید دەکەن، بۆیە راگەیاندنی ئاگربەست بۆ کریسمس هەنگاوێکی خۆشباوەڕانەیە، سەرەڕای ئاگربەستیش، هێزەکانی رووسیا لە بەئامانجگرتنی شارەکانی ئۆکراینا نەوەستاوە، رۆژی هەینی بە سیستمی مووشەکی شاری خێرسۆنیان کردە ئامانج و دوو کەسی سڤیل کوژران."
 
گوتەبێژی سوپای رووسیاش، ئۆکراینا بە پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستە تۆمەتبار دەکەن کە لەسەر داوای سەرۆکی کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی رووسی پاتریارک کیریلی یەکەم بە فەرمانی ڤلادیمیر پووتین راگەیێندرا.
 
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، "بە ئاراستەی کراسنۆ - لیمانسکی، هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا 11 هاوەنیان ئاراستەی پێگەکانی رووسیا کرد. لە سۆلدار، ئاڤدیڤکا و مارینکا، دووژمنان 51 جار تۆپهاوێژیان دژی یەکەکانی سەربازانی رووسیا بەکارهێناوە. سەربازانی ئۆکراینا زیاتر لە 60 تۆپی جۆری کالیبەری گەورەیان هاوێشتوونەتە ناوچەی نیشتەجێبوون لە شاری دۆنێتسک، لەکاتێکدا کۆمەڵگەی ماکیڤکا لە کۆماری گەلی دۆنێتسک بە سیستمی رۆکێتی هیمارس کرایە ئامانج."
 
ئاگربەستە کاتییەکەی ئەمجارە دوای کەمتر لە ساڵێک لە بەرپابوونی شەڕ لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا دێت، مۆسکۆ ئامادەیی دەربڕیوە بە مەرج گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ کیێڤ بکات، بەڵام گوتەبێژەکەی ئۆکراینا کە بۆ رووداو قسەی کرد، جەختی کردەوە، ئەرکەکەیان کۆتایی نایەت تاوەکو دوا سەربازی رووسیا لە خاکەکەیان نەچێتە دەرەوە."
 
یوری ساک هەر لەمیانی هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ رووداو گوتیشی، "هەر مەترێک لە خاکی ئۆکراینا دەبێت ئازاد بکرێت، بۆیە تاوەکو رووسەکان لە خێرسۆن، زاپۆریژیا، هەرێمی دۆنێتسک، هەرێمی لوهانسک یاخود لە کرایمیا مابن، ئەرکی ئێمە بەردەوام دەبێت، ناشوەستین تاوەکو دوا سەربازی رووسیا لە خاکی ئۆکراینا دەچێتە دەرەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە