چەند کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی لەبارەی حەلەبەوە بۆ رووداو دەدوێن؛ 'کورد هەمیشە چەوسێنراونەتەوە'

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
وێنەی کۆنگرێسمانەکان
وێنەی کۆنگرێسمانەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چەند کۆنگرێسمانێکی ئەمریکا لەبارەی دۆخی حەلەب و هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد. یەکێک لە کۆنگرێسمانەکان دەڵێت: "کورد هەمیشە لەگەڵمان بوون. پێم وایە کورد کۆمەڵە خەڵکێکن کە بەڕاستی چەوسێنراونەتەوە؛ ئەوان لەگەڵمان جەنگاون و یارمەتی زۆر لە کەمینەکانیان داوە لەو ناوچەیەدا، بەڵام نەپارێزراون."
 
'دەمانەوێ لەوە دڵنیابین حکومەتی سووریا هەموو نەتەوەکان دەپارێزێت'
 
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، مایکی خستە بەردەم چەند کۆنگرێسمانێک و لەبارەی هێرشەکان و هەڵوێستی ئەوانەوە پرسیاری لێکردن.
 
کۆنگرێسمان مایک باومگارتنەر گوتی: "من ئەو راپۆرتانەم نەبینیوە دەربارەی ئەم هێرشانە، بەڵام بێگومان ئێمە دەمانەوێت هەمووان لە سووریا بپارێزرێن. نیگەرانین و دەمانەوێت دڵنیابینەوە لەوەی حکومەت هەموو خەڵک لە هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکان لە سووریا دەپارێزێت."
 
مایک باومگارتنەر ئاماژەی بەوەکرد، من لە راستیدا شوێنێکی تایبەت لە دڵمدا بۆ سووریا هەیە؛ لە ساڵی 1994 گەشتم بۆ ئەو وڵاتە کردووە، ئەو کاتە لە ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ پەیوەندییەکانی ئەمریکا-عەرەب بووم. ماوەیەک لە سووریا مامەوە و زۆر چێژم لە کاتەکانم لەو وڵاتە بینی و زۆر جار بیر لە گەلی سووریا دەکەمەوە. ئەوان بە دڵنیاییەوە شایەنی شتێکی باشترن لە رژێمی ئەسەد و هیوادارین بتوانن ئاشتی و ئاسایش بدۆزنەوە. ئەمەش لە بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکادایە کە ئەوان ئاشتییان هەبێت."
 
دیار کوردە پێی گوت: پەیامت چییە بۆ سەرکردە نوێیەکانی سووریا سەبارەت بە مافی کەمینەکانی وەک کورد و دروزەکان کە هێرشیان کراوەتە سەر و تووندوتیژییان بەرامبەر کراوە؟
 
مایک باومگارتنەر لە وەڵامدا گوتی: "زۆر بە دەنگێکی بەرز و روون دەڵێم؛ ئەمریکا دەیەوێت هەموو کەسێک لە سووریا شوێنی هەبێت و ژیانێکی باش بژی. گرنگ نییە ئەگەر تۆ موسڵمان بیت، دروز، مەسیحی، شیعە، سوننە یان کورد؛ دەبێت لە سووریا شوێن بۆ هەمووان هەبێت."
 
گوتیشی: "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی بارودۆخەکە و وەک پێویست دەستوەردان دەکات و لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا کار دەکەین. هیوای باشترین بۆ گەلی سووریا دەخوازین. زۆرێک لە ئەندامانی کۆنگرێس باس لە سووریا دەکەن، بۆیە ئەمە بابەتێکە بێگومان لەژێر چاودێری خەڵکدایە."
 
 
"هەر جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر بە خەڵک لەسەر بنەمای بیروباوەڕە ئایینییەکانیان قێزەونە"
 
ئێریک بێرڵیسن، یەکێکی دیکەیە لەو کۆنگرێسمانانەی کە قسەی بۆ دیار کوردە کردووە و دەڵێت: "پێموایە هەر جۆرە تووندوتیژییەک بەرامبەر بە خەڵک لەسەر بنەمای بیروباوەڕە ئایینییەکانیان قێزەونە، بۆیە پێموایە دەبێت مافی خەڵک بپارێزرێت؛ پێویستە مرۆڤەکان بتوانن ئەو خودایە بپەرستن کە خۆیان دەیانەوێت."
 
 
"کورد لەگەڵمان جەنگاون بەڵام نەپارێزراون"
 
خوان ڤارگاس، یەکێکی دیکەیە لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا، ئەویش قسەی بۆ مایکی رووداو کرد و گوتی: "من ئاگاداری هێرشەکە نەبووم بۆ سەر هێزە کوردییەکان، بەڵام دەبێت بڵێم کوردەکان هەمیشە لەگەڵمان بوون. پێم وایە کورد کۆمەڵە خەڵکێکن کە بەڕاستی چەوسێنراونەتەوە."
 
ڤارگاس دەشڵێت: "ئەوان [کورد] لەگەڵمان جەنگاون و یارمەتی زۆر لە کەمینەکانیان داوە لەو ناوچەیەدا، بەڵام نەپارێزراون. بۆیە ئێمە هێشتا وەکو پێویست کارمان نەکردووە، بە هیچ شێوەیەک بەس نییە. من زۆر ئاگاداری ئەوە نیم کە بەم دواییانە چی روویداوە، بەڵام دەبێت زیاتر بکەین."

 

 
"پێویستە لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی لە سووریا کار بکەین"
 
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، مایکی بردە بەردەم یەکێکی دیکە لە ئەندامانی کۆنگرێس بەناوی براد شنایدەر.
شنایدەر گوتی: "ئێستا زۆر ئاگاداری وردەکارییەکان نیم، بەڵام دەزانم کە پێویستە لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی لە سووریا کار بکەین. ئەوان هاوپەیمانی ئێمە بوون و دەبێت دڵنیابین لەوەی کە دەپارێزرێن."
 
"من هەمیشە هەوادارێکی گەورەی پاراستنی کورد بووم"
 
ریچ مەککۆرمیک، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکاش بەهەمانشێوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "من هەمیشە هەوادارێکی گەورەی پاراستنی کورد بووم، گرنگ نییە لە چ وڵاتێکدا بێت، بەو پێیەی دەزانم کورد بەڕاستی نەتەوەی تایبەت بە خۆیان نییە، وایە؟ وەک کەسێک کە لە ناو سوپادا بووە و لە دەرەوەی وڵات لە کەنداوی فارس و ئەفغانستان خزمەتی کردووە، کورد هەمیشە گەلێک بوون کە هەوڵیان داوە رێگەی خۆیان لەم جیهانەدا بکەنەوە و بەداخەوە زۆربەی کات لە هەموو وڵاتێکدا وەک کەمینە دەردەکەون."

 

 
"نابێت دۆخەکە تێکبچێت و کەمینە ئایینییەکان بچەوسێنرێنەوە"
 
مایک لۆلەر، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، لە وەڵامی دیار کوردەدا دەڵێت: "تێڕوانینی من سەبارەت بە سووریا ئەوەیە کە حکومەتێکی جێگیرترمان دەوێت، بێگومان گواستنەوەیەکی ئاشتییانەترمان دەوێت بەدوور لە رژێمی ئەسەد."
 
دەشڵێت: "سەرۆک و ئیدارەکەی لە سووریا بەرپرسیارێتییەکیان لەسەرە بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی کەمینە ئایینییەکان. نابێت دۆخەکە تێکبچێت و بگۆڕێت بۆ بارودۆخێک کە کەمینەکان یان کەمینە ئایینییەکان بە هەر شێوەیەک بێت بچەوسێنرێنەوە؛ ئەمە بەرپرسیارێتییەکە کە پێویستە سەرۆک لە کاتی کارکردنی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا پێوەی پابەند بێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە