پڕۆژەیەکی زانستی لە ئەوروپا دەکرێتەوە و بیردۆزی نوێی فیزیای تێدا دەدۆزرێتەوە

09-02-2024
دەیان هەزار زانای فیزیا و سەدان زانکۆ لە جیهان کاری لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەن
دەیان هەزار زانای فیزیا و سەدان زانکۆ لە جیهان کاری لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

٪95ـی گەردوون (دارک مەتێر) یان ماددەی رەشە کە مرۆڤ ناتوانێت بیبینێت و بزانێت چییە.
 
زانایانی سەر بە رێکخراوی لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی ئەوروپا، ناسراو بە (سێرن) سەرقاڵی دروستکردنی پێکدادەرێکی نوێن کە تواناکەی زۆر زیاترە لە پێکدادەرە بەناوبانگەکەی ( هادرۆن) لە سویسرا و هیوادارن پەردە لەسەر نهێنییەکانی ماددەی رەش و گەردوون لابدات.
 
مایکل بێنێدێکت، زانای فیزیا سەر بە رێکخراوی سێرن دەڵێت، "ئەو تونێلەی کە پێکدادەرەکەی تێدایە وەک بازنەیەکە و دەورەکەی 91 کیلۆمەترە. لە رووی زەویشەوە 8 وێستگە لەخۆدەگرێت کە لە قووڵایی 200 مەتر لەژێر زەوی پەیوەست دەبن بە تونێلەکە."
 
پێکدادەرەکان بۆ تاقیکردنەوە زانستییەکان بەکاردێن. لەنێو تونێلێکی گەورەدا دوو گەردیلە لەیەکدەدرێن و وزەیەکی زۆر ئازاد دەکرێت. لە رێگەی ئەو تاقیکردنەوەیە، زانایانی فیزیا بیردۆزە نوێیەکان تاقیدەکەنەوە. 
 
پێکدادەری ئێستای هادرۆن لە تۆنێلێکی بازنەیی 27 کیلۆمەتری پێکدێت، کە لە قووڵایی 175 مەتر لەژێر زەوی لە سنووری نێوان سویسرا و فەرەنسا لە ساڵی 1998 دەست بە دروستکردنی کرا و کاری پێکدادانی گەردیلەکانی تێدا دەکرێت.
 
رێخکراوی سێرن دەڵێت، تێچووی پێکدادەرە نوێیەکان نزیکەی 15 ملیار فرانکی سویسرییە کە دەکاتە 17 ملیار و 230 ملیۆن دۆلار. سەرەڕای ئەوەش هێشتا بەراوردی وردتر پێویستە.
 
پێکدادەری هادرۆن لە ساڵی 2008 بە فەرمی کرایەوە. دەیان هەزار زانای فیزیا و سەدان زانکۆ لە جیهان کاری لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەن و لە ساڵی 2010 دا یەکەم پێکدادانی گەردیلەکانی تێدا تاقیکرایەوە.
 
تاقیکردنەوەکان چەندین جار بوونەتە هۆکار بۆ دۆزینەوەی بیردۆزی نوێ لە زانستی فیزیادا، بەتایبەتی زانستی گەردیلەناسی. پێکدادەری نوێ هەر لە نزیک پێکدادەری هادرۆن دروست دەکرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە