رووداو دیجیتاڵ
ترەمپ داوا لە ئیلۆن مەسک دەکات پێداچوونەوە بە خەرجییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) و وەزارەتی پەروەردەدا بکات.
رۆژی هەینی، 7ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن گوتی، داوای لە ئیلۆن مەسک، وەزیری وەزارەتی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا کردووە پێداچوونەوە بە خەرجییەکانی پێنتاگۆن و وەزارەتی پەروەردەدا بکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، لە پێداچوونەوە بە خەرجییەکانی ئەو شوێنانەدا "هەندێک شتی زۆر خراپ دەدۆزیتەوە"؛ گوتیشی، خۆی ئەو شوێنانە دیاری دەکات کە مەسک پێداچوونەوەیان بۆ دەکات.
رۆژی 11ـی ئەم مانگە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان، وەزارەتی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا داخستنی ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی USAIDی راگەیاند.
ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، دامەزرێنەری کۆمپانیای سپەیس ئێکسی تایبەت بە بۆشایی ئاسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و خاوەن تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەلایەن ترەمپەوە بە وەزیری وەزارەتی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا دانراوە.
ئاژانسی ئەمریكا بۆ هاریكاریی نێودەوڵەتی، ئاژانسێكی فیدراڵی ئەمریکایە لە تشرینی دووەمی ساڵی 1961 لە سەردەمی ئیدارەی کێنێدی، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا دامەزرا، بەرپرسە لە رێکخستنی هاوکاری دارایی و لۆجیستی سڤیل و بەرنامەی گەشەپێدان لە وڵاتانی جیهان؛ بودجەی ساڵانەی 50 ملیار دۆلارە کە لە گەنجینەی فیدراڵیی ئەمریکا دابین دەکرێت.
ئاژانسەکە بە گەورەترین ئاژانسی فیدراڵیی هاوکارییەکان لە جیهان دادەنرێت و بودجەکەی زیاتر لە نیوەی بودجەی هەموو ئاژانسە فیدراڵییەکانی دیکەی ئەمریکایە.
بارەگای سەرەکی یو ئێس ئەید لە واشنتن دی سی پایتەختە و زیاتر لە 10 هەزار کارمەندی هەیە.
هەرچی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکایە بودجەی ئەم ساڵی بە 895 ملیار دۆلار دیاریکراوە و وەزارەتی پەروەردەش بودجەکەی 80 ملیار دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ