جەنگی ئابووریی جیهان لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ دا گەرمتر بووە

08-02-2025
لهۆن نەسرەدین
سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا بە سەپاندنی باج، دەستی بە جەنگی ئابووری کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا بە سەپاندنی باج، دەستی بە جەنگی ئابووری کردووە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە خولی ئەمجارەی سەرۆکایەتیدا، کارتی ئابووری زیاتر بەرامبەر یار و نەیارانی بەکاردێنێت. 
 
مارکۆ فۆرجۆنی، شارەزای ئابووری لەبارەی کارەکانی ترەمپ لە بواری ئابووریدا دەڵێت، "ئەو باج و بازرگانی وەک ئامراز بەکاردەهێنێت بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجی سیاسی. ترەمپ دەیەوێت سیستمی جیهان بە سوودی ئەمریکا بگۆڕێت، بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپاش لە لیستەکەدان".
 
بە نزیکەی سێ تریلیۆن دۆلار لە ساڵێکدا، ئەمریکا لە پلەی یەکەمدا دێت وەک گەورەترین هاوردەکاری جیهان، بەڵام هێندەی هاوردەی، هەناردەی نییە.
 
ئەمریکا لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا 208 ملیار کورتهێنانی هەیە، بەڵام لەگەڵ بەریتانیا تاڕادەیەک یەکسانن، بەجۆرێک بەریتانیا بە 75 ملیار دۆلار شمەکی بۆ هەناردە دەکات و بە 72 ملیار لێی هاوردە دەکات.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندیی بازرگانییان لەگەڵ بەریتانیا دەڵێت، "ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کەسێکی باش بووە، چەند کۆبوونەوە و پەیوەندیی تەلەفۆنیمان لە نێواندا هەبووە. بەڵام بە گشتی ئێمە رازی نابین ئەورووپا لەسەر حیسابی ئێمە قازانج بکات و ئێمە لە زیان و کورتهێناندا بین".
 
لەگەڵ چین ساڵانە 279 ملیار دۆلار کورتهێنانی هەیە. 10٪ باجی لەسەر هەناردەکانی چین سەپاندووە و پەکینیش بە هەمان رێژە وەڵامیداوەتەوە.
 
ژو ژیاندۆنگ، شارەزای ئابووری چینیی لەبارەی بڕیارەکانی ترەمپ دەڵێت، "ترەمپ زنجیرەی دووەمی جەنگی بازرگانی هەر لە ئێستاوە دەستپێکردووە. ئەو خولیای سەپاندنی باجی هەیە، بەڵام پێویستە ئەمریکا کار لەسەر کێشە نێوخۆییەکانی بکات، چونکە باج هێندەی ترەمپ بیری لێ دەکاتەوە، کاریگەرییان نابێت، بە تایبەتی لەسەر وڵاتێكی گەورەی وەک چین".
 
لە لایەکی دیکەوە کێشەی کۆچبەران لە ئەمریکا بووەتە قەیران، بەجۆرێک نزیکەی 11 ملیۆن کۆچبەری بێ بەڵگە لە ئەمریکا هەن و نیو ملیۆنیان وەک تاوانباری مەترسیدار پۆڵێنکراون. ترەمپ نیازی دیپۆرتکردنەوەیانی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگەکەی دیار نییە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمریکا 36 تریلیۆن دۆلار قەرزدارە، واتە 7 تریلیۆن دۆلار زیاتر لە بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانەی وڵاتەکە. داهێنانی وەزارەتی کارامەیی بە سەرۆکایەتی مەسک و داخستنی ئاژانس و هەڵپەساردنی هاوکارییە داراییەکان لەسەر ئاستی نێوخۆ و دەرەوە؛ هەوڵێكی ترەمپە بۆ کەمکردنەوەی قەرزی وڵات و رێکخستنەوەی نێوماڵی ئەمریکا.
 
هەوڵێکە گەیشتن بە ئامانجەکانی بە "گەڕاندنەوەی مەزنی ئەمریکا" و " دەستبەرکردنی ئاشتی لە رێگەی هێزەوە"، قورستر دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

  لە ئەمریکا بەهۆی کەمی هێلکە، کڕین سنووردارە.

ئەمریکا هێلکە لە تورکیا و کۆریای باشوورەوە هاوردە دەکات

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزای باڵندە و بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە لە ئەمریکا، ئیدارەی ترەمپ پلانی داناوە سەدان ملیۆن هێلكە لە تورکیا و کۆریای باشوور هاوردە بکات و باڵانسی نرخ بگەڕێنێتەوە.