پۆرتوگالییەکان سەرۆکی نوێ هەڵدەبژێرن و بەربژێری سۆسیالیست چانسی بەهێزە

08-02-2026
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یەکشەممە، خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پۆرتوگال بەڕێوەدەچێت. بە گوێرەی راپرسییەکان ئەنتۆنیۆ خۆسێ سێگورۆ، کاندیدی پارتی سۆسیالیست، سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر ئاندرێ ڤێنتورای رکابەرە راستڕەوەکەیدا بەدەستدەهێنێت.
 
لە ناوخۆ و دەرەوەی پۆرتوگال، نزیکەی 11 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. بڕیارە کاژێر 8ی ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامە بەراییەکان بڵاوبکرێنەوە. هەرچەندە لە چەند ناوچەیەکی کەمینەدا دەنگدان بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە، بەڵام لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە پرۆسەکە بەردەوامە.
 
ئەنتۆنیۆ سێگورۆی تەمەن 63 ساڵ، کە پێشتر سەرۆکی پارتی سۆسیالیست بووە، وەک بەهێزترین کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی دەبینرێت. بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان، سێگورۆ توانیویەتی سەرنجی 67٪ی دەنگدەران بۆ خۆی رابکێشێت و لە خولی یەکەمدا، کە 11 بەربژێر کێبڕکێیان دەکرد، بە 31.1٪ی دەنگەکان پلەی یەکەمی بەدەستهێنابوو.
 
لە بەرامبەردا، ئاندرێ ڤێنتورای تەمەن 43 ساڵ، سەرۆکی پارتی راستڕەوی "چێگا"  لە خولی یەکەمدا 23.5٪ی دەنگەکانی بردەوە. هەرچەندە پێشبینی دۆڕانی دەکرێت، بەڵام چاودێران دەڵێن رێژەی دەنگەکانی گرنگە، چونکە پارتەکەی لە ساڵی 2019ەوە گەشەیەکی خێرای کردووە و ئێستا گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆنە لە پەرلەمانی پۆرتوگالدا.
 
بانگەشەی هەڵبژاردن بەبێ گرژی تێنەپەڕی؛ ئاندرێ ڤێنتورا داوای کردبوو هەڵبژاردنەکە دوابخرێت، بەڵام داواکەی رەتکرایەوە. سێگورۆش لە بەرامبەردا رکابەرەکەی تۆمەتبار کرد گوایە "هەوڵدەدات خەڵک سارد بکاتەوە لە چوون بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان."
 
لویس مۆنتینیگرۆ، سەرۆکوەزیرانی پۆرتوگال، رایگەیاند، سەرەڕای ئاڵۆزییەکان پرۆسەکە بە ئاسایی بەڕێوەدەچێت. مۆنتینیگرۆ کە سەرۆکایەتی حکومەتێکی کەمینە دەکات، تاوەکو ئێستا پاڵپشتی خۆی بۆ هیچ کام لەو دوو بەربژێرە رانەگەیاندووە.
 
ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدایە هەردوو بەربژێرەکە رەخنەی تووندیان لە ئەدای حکومەت هەبووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا. سێگورۆ دەڵێت بە هەوڵەکانی حکومەت بۆ سەقامگیری "شۆک بووە"، ڤێنتوراش بە "بێسوود" ناوی بردوون. ئامانجی هەردووکیان کۆتاییهێنانە بەو چەقبەستووییە سیاسییەی رووی لە وڵاتەکە کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دەنگدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی "بەکۆیلەکردنی رەشپێستەکان"

لە دەنگدانێکی مێژوویی دا، جیهان کۆیلایەتیی رەشپێستەکان بە 'گەورەترین تاوان دژی مرۆڤایەتی' هەژمار دەکات

دەنگدانێکی مێژوویی. رۆژی چوارشەممە، نەتەوە یەکگرتووەکان بەکۆیلەکردنی رەشپێستەکان کە سەتان ساڵ بەردەوام بوو، وەک "گەورەترین تاوان دژی مرۆڤایەتی" ناساند. تەنیا سێ وڵات دژی بڕیارەکە وەستانەوە کە یەکێکیان ئەمریکا بوو و هۆکاری دژایەتییەکەیان روونکردەوە.