رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى تەندروستیى لوبنان سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بڕیارێکی وڵاتی کوێت دەربڕی کە تێیدا 8 نەخۆشخانەی ئەهلیی لوبنانی خستووەتە لیستی "تیرۆر". وێڕای دەربڕینی نیگەرانی، وەزارەتەکە رایگەیاند، لەرێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن تاوەکو پارێزگاری لە سیستەمی تەندروستیی وڵاتەکەیان بکەن.
وەزارەتى دەرەوەى کوێت رۆژی یەکشەممە، 08-02-2026، لەرێگەی گشتاندنێکەوە ناوی 8 نەخۆشخانەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی رێکارەکانی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"دایە.
ئەم دامەزراوانە کە زۆربەیان لە باشوور، رۆژهەڵات و گەڕەکەکانى باشوورى بەیرووت جێگیرن، لەلایەن گرووپی حیزبوڵڵا یان دامەزراوەکانی نزیک لەو گرووپە بەڕێوەدەبرێن.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە هەمان رۆژدا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەو نەخۆشخانانەی لە بڕیارەکەدا ناویان هاتووە، لە سەندیکای نەخۆشخانە ئەهلییەکان تۆمارکراون و خزمەتگوزاریی پزیشکی پێشکەش بە هەموو لوبنانییەکان دەکەن بەبێ جیاوازی."
لە هەمان کاتدا، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان جەختی کردەوە کە کوێت هەمیشە پاڵپشتێکی گەورەی کەرتی تەندروستیی وڵاتەکەیان بووە و چەندین پڕۆژەی هاوبەشیان پێکەوە هەبووە، هەر بۆیە ئەم بڕیارە نوێیەی کوێت بە "بێپێشینە" و "نەگونجاو" لەگەڵ پەیوەندییەکانی رابردووی هەردوولا وەسف دەکەن.
یەکێک لەو نەخۆشخانانەی لە لیستەکەدا ناوی هاتووە، نەخۆشخانەی "سەلاح غەندور"ە لە شارۆچکەی بنت جبیل، کە لەلایەن لێژنەی تەندروستیی ئیسلامیی سەر بە حیزبوڵڵا بەڕێوەدەبرێت و لە جەنگی ساڵی 2024ـدا رووبەڕووی بۆردومانی ئیسرائیل بووەوە.
بۆ دەوڵەتی کوێت، ئەم بڕیارە گوزارشت لە وەرچەرخانێکی ستراتیژی دەکات بە ئاراستەی هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دژی ئێران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا. کوێت دەیەوێت لەرێگەی ئەم هەنگاوەوە "قەڵغانێکی یاسایی" بۆ پاراستنی بانک و دامەزراوە داراییەکانی لە سزاکانی ئەمریکا درووست بکات، لە هەمان کاتدا مەبەستیەتی رێگری لە هەر جۆرە چالاکییەکی کۆکردنەوەی بەخشین لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا بۆ دامەزراوەکانی سەر بە حیزبوڵڵا بگرێت.
پەیوەندییەکانی نێوان لوبنان و وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت کوێت و عەرەبستانی سعوودی، لە دوای ساڵی 2021ـەوە بەهۆی هەژموونی حیزبوڵڵا بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتدا رووبەڕووی ئاڵۆزیی گەورە بوونەتەوە.
لەگەڵ ئەوەی کوێت یەکێک بووە لەو وڵاتانەی لە دوای جەنگی نێوخۆیی لوبنان (1975-1990) رۆڵی سەرەکیی لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتەدا گێڕاوە، بەڵام توندبوونی سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی لەسەر دامەزراوە دارایی و خزمەتگوزارییەکانی سەر بە حیزبوڵڵا، وایکردووە تەنانەت کەرتی تەندروستیش بکەوێتە نێو ململانێیە سیاسییەکانەوە.
ئیسرائیل پێشتر چەندین جار لوبنانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە حیزبوڵڵا سوود لە نەخۆشخانەکان وەردەگرێت بۆ مەبەستی سەربازی، بەڵام بەیروت بەردەوام ئەم تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ