رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داماڵینی چەکی کیمیایی لە سووریا و ئاڵۆزییەکانی بەڕێوەچوو. ئەندامانی ئەنجوومەنەکە رایانگەیاند، بۆ ئەوەی ئاڵۆزییەکان نەبنە شەڕی ناوخۆ، دەبێت دەستبەجێ بووەستێندرێن و پرسی چەکی کیمیاییش چارەسەر بکرێت.
فێرگوس ئەچێرسلێی، راوێژکاری وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی دۆخی سووریاوە رایگەیاند، "دۆخی سووریا زۆر لاوازە و دەبێت ئەم دەرفەتەی هەیە بەکاریبهێنین و هەڕەشەی چەکی کیمیاییش بۆ هەموو کەسێک نەهێڵین. بەریتانیا لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا نیگەرانە و نابێت ئەم دەرفەتە بەرەو تووندوتیژییێکی فراوانتر بچێت. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین خۆیان لە تووندووتیژی دووربخەنەوە لەم کاتە هەستیارەدا."
بەریتانیا و ئەندامانی دیکەی ئەنجوومونی ئاسایش هاودەنگ بوون لەسەرئەوەی مژاری سەرەکیی سووریا دەبێت چەکی کیمیایی بێت، بەڵام رووسیا دەڵێت، لە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە مژاری سەرەکی چەکی کیمیایی نییە، بەڵکو هەبوون و نەبوونی دەوڵەتە.
ڤازیلی نەبینزیا، نوێنەری رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش گوتی، "لە ئێستادا رووسیا رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بووەتەوە، وەک پێویستیی یەکگرتوویی، سەربەخۆیی و سەروەری و یەکپارچەیی خاک. هەروەها دەستەبەرکردنی ئاشتەوایی نیشتمانیی و بونیاتنانی بناخەی دەوڵەتێکی نوێ و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن و بەکارهێنانی ئەم دەسەڵاتە بۆ دەوڵەت و چارەسەرکردنی هەڕەشەکانی گرووپە تیرۆریستییەکان. هەروها لە چەند رۆژی رابردوودا چەند هەواڵێکی دڵتەزێنمان لەبارەی سووریاوە بیستووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئێمە دوورین لە سەقامگیرکردنی دۆخی ئەم وڵاتە و لە هەلومەرجێکی وا روون و ئاشکرا دا ئایا چەکی کیمیایی بوونی هەیە؟ یان نەبوونی بابەتی سەرەکی نییە بۆ ئیدارەی کاتی. بۆیە پێویستە ئەمە بزانین بۆ ئەوەی ئەم بابەتە زیاتر پاڵنەنێین."
لە لایەکی دیکە لە کۆبوونەوەکە رێکخستنی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی و تەکنیکارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتی خۆیان دەربارەی چەکی کیمیایی خستەڕوو و رایانگەیاند، لەنێو 26 پرسی جیاواز دا 19ـیان چارەسەرنەکراون و هێشتا پاشماوەکانی چەکی کیمیایی ماون و دەبێت لەنێوببرێن. ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشیش دەڵێن بەڵێنیان بە حکومەتی کاتیی سووریا داوە لەم پرسەدا هاوکارییان بکەن.
.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ