رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی نەرویج ئەمرۆ یەکشەممە رایگەیاند، تەقینەوەیەک لە بەردەم باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە شاری ئۆسلۆی پایتەخت روویداوە. هەرچەندە تەقینەوەکە زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.
بەپێی راگەیێندراوی فەرماندەیی پۆلیسی ئۆسلۆ، تەقینەوەکە نزیكەی کاژێر 1:00ـی بەرەبەیان بە کاتی ناوخۆ روویداوە [3:00 بە کاتی هەولێر]. مایکل دێلمەر، فەرماندەی مەیدانیی پۆلیس بە کەناڵی (NRK)ـی راگەیاند، تەقینەوەکە دەروازەی چوونەژوورەوەی بەشی باڵیۆزخانەکەی پێکاوە. دێلمەر گوتی: "زیانەکان کەمن، بەڵام هێشتا زووە باس لەوە بکەین کە چی تەقیوەتەوە یان کێ لە پشت ئەم کارەوە بووە، چونکە لێکۆڵینەوەکان لە سەرەتادان."
دانیشتووانی ناوچەکە باسیان لە بیستنی دەنگێکی زۆر بەهێز کردووە. ئێدوارد، کە گەنجێکی تەمەن 16 ساڵە و ماڵیان لە نزیک باڵیۆزخانەکەیە رایگەیاند: "سەرەتا وامانزانی دەنگەکە لە ناو ماڵەکەی خۆمانەوە هاتووە، بەڵام کاتێک سەیری دەرەوەمان کرد، هێزێکی زۆری پۆلیس، سەگی پۆلیسی، درۆن و هێلیکۆپتەرمان لە ئاسماندا بینی."
ئەم تەقینەوەیە لە کاتێکدایە کە سەرجەم باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە جیهاندا و بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئامادەییەکی باڵادان، ئەوەش بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن. بەڵام پۆلیسی نەرویج ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکیان دەستنەکەوتووە، کە بیسەلمێنێت ئەم رووداوەی ئۆسلۆ پەیوەندی بە جەنگی ئێرانەوە هەبێت.
پۆلیس گەمارۆی ناوچەکەی داوە و تیمە هەواڵگرییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ستافی ئەمنیی باڵیۆزخانەی ئەمریکا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردن بۆ دۆزینەوەی سەرەداوی تەقینەوەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ