رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەکانی سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رەت دەکاتەوە و دەڵێ، هێرشەکانی سەر تاران بەرفراوانتر دەکات.
رۆژی شەممە 7-3-2026 عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هەڕەشەی لە ترەمپ کرد لە بەرامبەر جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتەکەی و گوتی، دەبێ "ترەمپ باج"ی ئەو هێرشانە بدات.
لە وەڵامدا ترەمپ گوتی: "نازانم باسی چی دەکات، کێیە. بە هیچ شێوەیەک گرنگی پێنادەم" و ئاماژەی بەوەشکرد کە لاریجانی "هەر ئێستاش تێکشکێندراوە".
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها هێرشی کردە سەر دوایین لێدوانە رەخنەئامێزەکانی لاریجانی و سەرکردەکانی دیکەی ئێران، بە "لاواز" ناوی بردن و رایگەیاند، پێگەیان لە ناوچەکەدا بەرەو نەمان دەچێت. ترەمپ گوتی، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن و داوای "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج"ی لە ئێران کرد.
دوێنێ شەممە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لێبووردنی لە وڵاتانی دراوسێی ئێران کرد لەبەرامبەر هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی سوپای وڵاتەکەی و رایگەیاند، هێرشکردنە سەر وڵاتانی کەنداو رادەگرن تەنیا لەو کاتەدا نەبێ هێرشیان بکرێتە سەر. بەڵام دواتر پزیشکیان لە لێدوانەکانی پاشەکشەی کرد.
پزیشکیان لە پۆستێکی دیکەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە هیچ داوای لێبووردنێکی تێدا نەبوو، نووسی: "ئێمە هێرشمان نەکردووەتە سەر وڵاتانی دۆست و دراوسێ، بەڵکو بنکە سەربازییەکان، دامەزراوە و بنکە ئەتۆمییەکانی ئەمریکامان لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج."
کاتێک لەبارەی لاریجانی پرسیاری لێکرا، ترەمپ گوتی: "ئەو بەنیاز بوو دەست بەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بگرێ، بەڵام بەهۆی منەوە پاشەکشەی کرد و خۆی بەدەست ئەو وڵاتانەوە دا."
ترەمپ متمانەی خۆی بە ستراتیژ و سیاسەتەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ئەمریکا لە لاوازکردنی سوپا و دەسەڵاتی ئێران سەرکەوتوو بووە و بەردەوام دەبێت لە فراوانکردنی ئامانجەکانی لە نێوخۆی ئێراندا.
ترەمپ گوتی: "ئەو کارەی کردوومانە باوەڕپێنەکراوە. مووشەکەکان وردوخاش کراون. تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەمیان ماون. درۆنەکان تێکشکێندراون. هەر ئێستا کە قسە دەکەین، کارگەکان دەتەقێندرێنەوە. هێزی دەریایی نەماوە و لە بنی دەریایە. 42 کەشتی، 42 لە شەش رۆژدا؛ 42 کەشتی. هێزی دەریایی نەما، هێزی ئاسمانی نەما. هەموو بەشەکانی سوپاکەیان لەنێوچوو. سەرکردایەتییەکەیان نەماوە. هیچ شتێکیان نەماوە کە لەنێو نەچووبێت."
ترەمپ هەروەها رایگەیاند: "ئێمە بە ئاستێک و بە خێراییەک سەردەکەوین کە پێشتر هەرگیز نەبینراوە."
سەبارەت بە هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش، ترەمپ گوتی، تەنیا سەرنجی لەسەر هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئەو وڵاتانەیە کە لە سەرەتاوە پشتیوانیی ستراتیژەکەی و هێرشەکانیان کردووە.
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا دەیەوێ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەم قۆناخەدا کاری زیاتر بکەن، ترەمپ گوتی: "هیچ گرنگییەک بەوە نادەم. هەرچییەکیان دەوێ دەتوانن بیکەن. ئەوانەی دڵسۆزن، هاتوونەتە نێو جەنگەکە."
ئەم لێدوانەی ترەمپ چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ ئاماژەی بەوە کرد، بەریتانیا دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری بۆ ئەگەری ناردنیان بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئامادە کردووە. ترەمپ لە پۆستەکەیدا نووسیبووی کە پێویستیان بەو کەشتیانە نابێت و رەخنەی لە کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گرت کە بە گوتەی ترەمپ "زۆر خاو بووە" لە پێدانی مۆڵەت بە ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەکاتی دەسپێکردنی هێرشەکاندا.
ترەمپ بە سی بی ئێسـی راگەیاند، ئەگەری ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر لەلایەن بەریتانیاوە، هەنگاوێکی درەنگوەخت و ناپێویستە.
ترەمپ گوتی: "کەمێک درەنگە بۆ ناردنی کەشتی، وانییە؟ کەمێک درەنگە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ