رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا و کۆنسووڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا هۆشداری دەدەنە هاووڵاتیانی وڵاتەکەیان کە بەهۆی دۆخی ئەمنی و پێشهاتە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا، بە هیچ شێوەیەک گەشت بۆ عێراق نەکەن.
رۆژی یەکشەممە، 8ی ئاداری 2026، باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا و کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویانکردەوە، ئاسمانی عێراق لە 28ی شوباتەوە داخراوە و تا کاتێکی نادیار بە داخراوی دەمێنێتەوە"؛ دەشڵێن، "فەرەنسا بە فەرمی داوا لەو هاووڵاتیانەی دەکات کە وەک گەشتیار یان بەردەوام لە عێراقن، هەرچی زووە وڵاتەکە جێبهێڵن".
باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەی فەرەنسا ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێڵە تەلەفۆنییەکانیان کراوەن بۆ پێشکێشکردنی هەر رێنمایی و هاوکارییەک بۆ هاووڵاتیانیان؛ داوایان کردووە فەرەنسییەکان لە رێگەی سەرچاوە فەرمییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی باڵیۆزخانەوە بەردەوام ئاگاداری گۆڕانکارییەکان بن.
ئەم هۆشدارییەی فەرەنسا بۆ هاووڵاتییانی لە کاتێکدایە، رۆژی 28ی شوبات جەنگی واشنتن و تەلئەڤیڤ لەگەڵ تاران بە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکەی دایەوە.
بەهۆی ئەو دۆخەوە، جگە لە فەرەنسا، وڵاتانی دیکەش هاووڵاتییانیان لە ناوچەکەوە گەڕاندووەتەوە وڵاتەکانیان و هۆشداریشیان لە گەشتکردن بۆ ئەو ناوچەیە پێداون، لەوانەش ئەمریکا، ئەڵمانیا، رووسیا، بەریتانیا، کەنەدا و بەلجیکان.
بە گوێرەی راگەیێندراوی ئەمڕۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە دەستپێکی جەنگەکەوە لانیکەم 32 هەزار هاووڵاتییان گەڕاندووەتەوە وڵاتەکەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ