رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای هاوئاهەنگی نێوان ئەمریکا و عێراق بەشدار دەبن و گوتیشی، "ئەمریکا پشتیوانی کوردستانێکی خۆڕاگر و بەهێز دەکات لە چوارچێوەی عێراقێکی سەقامگیری و فیدراڵیی پارێزراو".
رۆژی دووشەممە، 8ـی نیسانی 2024، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵای هاوئاهەنگی نێوان ئەمریکا و عێراق لە هەفتەی داهاتوو تیشک دەخاتە سەر کاری لەپێشینەی هاوبەشی نێوانمان و پەیوەندییە فراوانەکەی نێوان وڵاتەکانمان، لەنێویاندا سەربەخۆیی وزە، چاکسازی ئابووری، خزمەتگوزاری بۆ گەلی عێراق، بەهێزکردنی دیموکراسی و یاسا، هەروەها بەهێزکردنی پەیوەندییە پەروەردەیی و کولتوورییەکان".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشداری لەو گفتوگۆیانە دەکەن.
ئەمریکا، بەگوتەی میلەر، "پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانێکی خۆڕاگر و بەهێز دەکات لە چوارچێوەی عێراقێکی سەقامگیری و فیدراڵیی پارێزراو".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لە هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و گوتی: "ئێمە هانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەین هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە درێژخایەنەکانیان دوو هێندە بکەن، کە ببێتە هۆی هێنانی سوودی ئابووری بۆ هەموو عێراقییەکان".
رۆژی هەینی، 22-03-2024، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 15-4-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.
وەک لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە، مەبەست لە کۆبوونەوەکە دروستکردنی هاوئاهەنگییە لەبارەی ئامانجە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات و بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە دوو قۆڵییەی لەنێوان عێراق و ئەمریکادا هەیە.
کۆشکی سپی ئاماژە بەوە دەکات، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق "پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتننامەی ستراتیژی دووپات دەکەنەوە؛ هەروەها پابەندبوونی خۆیان بە قووڵکردنەوەی دیدگەی هاوبەشیان بۆ عێراقێکی سەقامگیر، خاوەن سەروەری و خۆشگوزەران، بە جۆرێک کە بە تەواوی ئاوێتەی ناوچەکە بێت، دووپات دەکەنەوە."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: زۆر سوپاس مات، وەک بڕیارە هەفتەی داهاتوو میوانداری سرۆکوەزیرانی عێراق لێرە لە واشنتن بکەن، هیچ کۆمێنتێکت هەیە لەسەر رێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق و باڵیۆزی ئەمریکا بۆ عێراق، دەمەوێت ئەوەش بپرسم، ئێوە داواتان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە کە بەر لەوەی سەردانەکەی بۆ واشنتن بکات کێشەکان لەگەڵ هەولێر چارەسەربکات، وەک هەندێک راپۆرت باسی دەکەن؟
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: من ناچمە نێو وردەکارییەکانی ئەو راپۆرتانە، بەڵام ئەوە دەڵێم کە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵای هاوئاهەنگی نێوان ئەمریکا و عێراق لە هەفتەی داهاتوو تیشک دەخاتە سەر کاری لەپێشینەی هاوبەشی نێوانمان و پەیوەندییە فراوانەکەی نێوان وڵاتەکانمان، لەنێویاندا سەربەخۆیی وزە، چاکسازی ئابووری، خزمەتگوزاری بۆ گەلی عێراق، بەهێزکردنی دیموکراسی و یاسا، هەروەها بەهێزکردنی پەیوەندییە پەروەردەیی و کولتوورییەکان، نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقیش بەشداریی لەو گفتوگۆیانەدا دەکەن. ئەمریکا پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانێکی خۆڕاگر و بەهێز دەکات لە چوارچێوەی عێراقێکی سەقامگیری و فیدراڵیی پارێزراو. هەروەها ئێمە هانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەین هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە درێژخایەنەکانیان دوو هێندە بکەن، کە ببێتە هۆی هێنانی سوودی ئابووری بۆ هەموو عێراقییەکان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ