رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی پاکستان رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئیسلامئاباد کۆتایی ئەم هەفتەیە میوانداریی شاندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەکات، ئەوەش دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان نووسی، "سوپاسی بێپایانی خۆم ئاراستەی سەرکردایەتیی هەردوو وڵات دەکەم و بانگهێشتی شاندەکانیان دەکەم بۆ ئیسلامئاباد لە رۆژی هەینی، 10ی نیسانی 2026، تاوەکو گفتوگۆی زیاتر بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان."
پاکستان کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دروست کردووە و بە هەستیارییەوە چاودێریی پێشهاتەکانی ئێرانی دراوسێی دەکات، لە چەند هەفتەی رابردوودا وەک کەناڵێک بۆ گواستنەوەی پەیامەکانی نێوان تاران و واشنتن دەرکەوتووە. سەرۆکوەزیرانی پاکستان گوتیشی، "بە دڵ و گیان هیوادارین گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد لە بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوامدا سەرکەوتوو بن و خوازیارین لە رۆژانی داهاتوودا هەواڵی خۆشتر ببیستین."
تاران و واشنتن ئەم بەیانییە رایانگەیاند، لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتوون، ئەوەش تەنیا کەمتر لە کاژێرێک پێش کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی دۆناڵد ترەمپ بۆ وێرانکردنی ئێران داینابوو. جەنگەکە کاتێک دەستیپێکرد کە ئیسرائیل و ئەمریکا لە 28ی شوباتدا هێرشیان کردە سەر ئێران و رێبەری باڵای ئەو وڵاتەیان کوشت، ئەوەش بووە هۆی هێرشی تۆڵەسێنەرەوەی تاران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و ئیسرائیل.
شەهباز شەریف ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگربەستەکە "هەموو شوێنێک" دەگرێتەوە، لەوانەش لوبنان، بەڵام ئیسرائیل دواتر رایگەیاند کە ئاگربەست لوبنان ناگرێتەوە، کە تێیدا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و وشکانی بۆسەر حیزبوڵڵای نزیک لە ئێران ئەنجام دەدات.
ئەم ئاگربەستە کاتییە دوای هەوڵێکی چڕی پاکستان و نێوەندگیرەکانی دیکە هات بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەکەی ترەمپ بۆ وێرانکردنی تەواوی وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران؛ هەنگاوێک کە بەشێک لە پسپۆڕانی یاسایی دەیانگوت دەکرێ وەک تاوانی جەنگ هەژمار بکرێ. ترەمپ رۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، تورکیا و میسریش نێوەندگیرییان کردووە و چینیش یارمەتیدەر بووە بۆ هێنانی ئێران بۆ سەر مێزی دانوستاندن.
پاکستان خاوەنی دووەم گەورەترین دانیشتووانی شیعەیە لە جیهاندا دوای ئێران -کە سنوورێکی 900 کیلۆمەترییان پێکەوە هەیە- و لە واشنتن نوێنەرایەتیی هەندێک لە بەرژەوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئێران دەکات، چونکە تاران باڵیۆزخانەی لەوێ نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ