رووداو - هەولێر
لەسەر بیرۆکەی بەکارهێنانی سوپا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا رەخنەی تووند لە ترەمپ دەگرێت و دەڵێت: "ترەمپ لە دەستوور لایداوە".
کۆڵن پاوڵ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا لەسەر بەکارهێانی سوپا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکیدا رایگەیاند: "ئێمە دەستوورێکمان هەیە و پێویستە شوێن ئەو دەستوورە بکەوین، بەڵام سەرۆک لە دەستوور لایداوە."
پاوڵ راشیگەیاند، گوتاری ترەمپ مەترسیدارە بۆ سەر دیموکراسیی ئەمریکا، بۆیەش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمساڵ، بە دڵنیاییەوە دەنگ بە ترەمپ نادات و دەنگ بە جۆ بایدن دەدات.
پاوڵ ئەندامی پارتی دیموکراتەکان و هاوکات تاکە ئەفریقیی ئەمریکی بووە لە مێژووی سوپای ئەمریکادا ببێتە سوپاسالاری ئەو وڵاتە.
ترەمپ لە توویتەر وەڵامی پاوڵی داوەتەوە و بە کەسێکی بێکەڵک ناویبردووە، هاوکات نووسیوویەتی پاوڵ ئەو کەسە بوو کە بەرپرسە لە تێوەگلاندنی ئەمریکا لە کارەساتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەدەر لە پاوڵ، هەروەها پێشتر چەند بەرپرسێکی دیکەی سەربازی و سیاسی ئەمریکا رەخنەی تووندیان لە هەڵوێستەکانی ترەمپ بەرامبەر بە خۆپیشاندەران گرتووە لەنێویاندا جەیمس ماتس، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا.
کۆڵن پاوڵ، لە پێنجی نیسانی 1937 لەدایکبووە. لە 23ی نۆڤەمبەری 1987 تاوەکو 20ی کانوونی دووەمی 1989 راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بووە. لە یەکی ئۆکتۆبەری 1989 تاوەکو 30ی سێبتێمبەری 1993 سوپاسالاری ئەمریکا بووە. هەروەها لە 20ی کانوونی دووەمی 2001 تاوەکو 26ی کانوونی دووەمی 2005 وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە. پاول ئەو کاتەی وەزیری دەرەوە بوو، سەردانی شاری هەڵەبجەی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ