سەرۆکی جڤاکی کوردی لە ئەڵمانیا بۆ رووداو: زمانی کوردی لە پەخشی ئاژانسی دی دەبلیو زیاد دەکرێت

08-07-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عەلی ئەرتان، سەرۆکی جڤاکی کوردی لە ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری کردنەوەی بەشی کوردی لە ئاژانسی (DW)ی دەوڵەتی ئەڵمانیا دراوە و سەرەتا بە شێوەی ئۆنلاین دەستپێدەکات.
 
کوردانی ئەڵمانیا ماوەیەکی زۆرە لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە هەوڵی زیادکردنی زمانی کوردی لە ئاژانسی (DW) دەدەن و لەمبارەیەوە ئەرتان دەڵێت:"ماوەی ساڵ و نیویک لەمەوبەر لە ئەنجامی هەوڵەکانمان توانیمان رەزامەندی بۆ زمانی کوردی وەربگرین؛ دواتریش لە رێگەی دیداری بەردەواممان لەگەڵ وەزیری رۆشنبیریی ئەڵمانیا بڕیاردرا زمانی کوردی لە پەخشی ئاژانسی (DW) زیاد بکرێت. سەرەتا بە شێوەی ئۆنلاین لە یوتیووب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت و دواتر لە کەناڵی تەلەڤزیۆنیشدا زیاد دەکرێت".
 
لەبارەی ئەو کاتەی، زمانی کوردی بە ئۆنلاین زیاد دەکرێت، سەرۆکی جڤاکی کوردی لە ئەڵمانیا گوتی:"بریارەکە دراوە و کارەکە یەکلایی بووەتەوە. ئێستا ئاژانسەکە لە قۆناخی وەرگرتنی کارمەندی کوردیزانە. لەوانەیە ئاژانسەکە لەم پرۆسەیەدا پێویستی بە کات بێت".
 
ئەرتان هەروەها جەختی کردەوە لە چەند ساڵی رابردوودا هەوڵی زۆریان داوە، بەڵام بەهۆی بوونی لایەن و وڵاتانی دژی زیادکردنی زمانی کوردی لە ئاژانسەکە، ئاستەنگی زۆریان بۆ دروست کراوە. هەر بۆیەش ئەمە بە سەرکەوتنێکی گەورە دەزانن.
 
عەلی ئەرتان، هەڵوێستی ئەرێنییانەی بەرپرسانی ئەڵمانیای بەرامبەر کورد، بە یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتن ناوبرد و گوتی:"بەتایبەتی وەزیری ئێستای رۆشنبیریی ئەڵمانیا تێڕوانینی زۆر باشی لەبارەی کورد هەیە. چاوەڕێی هەڵوێست و هەنگاوی باشتریشی لێ دەکرێت و هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان لەمبارەیەوە بەردەوامن".
 
سەبارەت بە گرنگی و کاریگەریی زیادکردنی زمانی کوردی لە ئاژانسی (DW) عەلی ئەرتان گوتی:"زیادکردنی زمانی کوردی لە لیستی زمانەکانی ئاژانسێکی گرنگی وەک (DW) کە سەر بە دەوڵەتی ئەڵمانیایە و رووی ئەو وڵاتە بە جیهان نیشان دەدات، هەنگاوێکە بۆ داننانی جیهان بە فەرمی بوونی زمانی کوردی و کولتووری کورد. ئەمە جێی دڵخۆشی و شانازییە".
 
سەرەتا بە کورمانجی دەبێت
 
سەرۆکی جڤاکی کوردی لە ئەڵمانیا رایگەیاند، سەرەتا شێوەزاری کورمانجیی زمانی کوردی زیاد دەکرێت و دواتریش بێگومان هەوڵ بۆ زیادکردنی شێوەزارەکانی سۆرانی و زازاکی دەدەن. 
 
عەلی ئەرتان دەڵێت، ئیدی کورد لە ناوچەکە و جیهاندا بووەتە کارەکتەری گرنگ و هەوڵی زۆر بۆ گرنگیدان بە زمانەکەی دەدەن.
 
عەلی ئەرتان بە گرنگی زانی کورد لەم بابەتانەدا یەکگرتوو بێ؛ جەختیشی کردەوە کە هەندێک جار ئاستەنگی بەردەم کورد، هەر کورد خۆیەتی کە ئەمە پێویستە چارەسەر بکرێت.
 
دۆیچە ڤێڵ DW ئاژانسێکی نێودەوڵەتیی ئەڵمانیایە و کار بۆ ناساندنی ئەڵمانیا و بڵاوکردنەوەی کولتووری ئەو وڵاتە دەکات.
 
ئاژانسەکە لە رێگەی تەلەڤزیۆن، رادیۆ و ماڵپەڕەوە پەخشی هەیە. لە رادیۆ و مەڵتی میدیادا بە زیاتر لە 30 زمان پەخشی هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە