جیهان
دۆناڵد ترەمپ کە تیمەکەی لە تەنیشتییەوە دەرکەوتوون لەکاتی نانخواردن لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو لە کۆشکی سپی. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "چەکی بەرگریی زیاتر" رەوانەی ئۆکراینا دەکەن، ئەم بڕیارەش دوای ئەوە دێت، کە هەفتەی رابردوو کۆشکی سپی رایگەیاند، ناردنی بەشێک لە چەکەکانی بۆ کیێڤ راگرتووە.
ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "پێویستە چەکی زیاتر بنێرین، لە سەرووی هەمووشیانەوە چەکی بەرگری." هاوکات "ناڕەزایەتیی" خۆی بەرامبەر ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دووپاتکردەوە، بەهۆی ئەوەی ئامادە نییە بۆ ئاشتی.
سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی پێشوازیکردن لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، گوتیشی: "ئۆکراینییەکان رووبەڕووی لێدانی زۆر تووند بوونەتەوە."
لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی ساڵی 2022، پووتین سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە شەڕەکە بۆ بەدەستهێنانی هەموو ئامانجەکانی.
رووسیا داوا دەکات ئۆکراینا دەستبەرداری چوار هەرێم بێت کە سوپای رووسیا بەشێکی کۆنترۆڵ کردوون، هەروەها دەستبەرداری نیمچەدوورگەی کریمیا بێت کە مۆسکۆ لە ساڵی 2014 بەشێوەیەکی تاکلایەنە خستییە سەر خاکی خۆی، لەگەڵ وازهێنان لە بیرۆکەی بوونە ئەندام لە ناتۆ، بەڵام کیێڤ هەموو ئەو داواکارییانە رەتدەکاتەوە.
پووتین چەندین جار بە ترەمپی گوتووە، مۆسکۆ "دەستبەرداری ئامانجەکانی نابێت"، سەرەڕای ئەو گوشارە زۆرانەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ راگرتنی شەڕەکە دەیخاتە سەری.
ئەمریکا، کە گەورەترین پشتیوانی سەربازیی ئۆکراینایە، هەفتەی رابردوو راگرتنی ناردنی بەشێک لە چەکەکانی بۆ کیێڤ راگەیاند، لەنێویاندا مووشەکی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی "پاتریۆت".
لە سەردەمی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، واشنتن بەڵێنی پێشکێشکردنی زیاتر لە 65 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازیی بە ئۆکراینا دابوو.
بەڵام ترەمپ، کە هەمیشە گومانی لە سوودی هاوکارییەکانی ئۆکراینا هەبووە، هەنگاوی هاوشێوەی بایدنی نەناوە و لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، هیچ پاکێجێکی نوێی هاوکاریی سەربازیی بۆ کیێڤ رانەگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ