رووداو دیجیتاڵ
کەمتر لە دوو مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی گشتیی ئەڵمانیا و پارتەکان خۆیان بۆ رکابەرییەکی تووند ئامادە دەکەن. پارت و بەربژێرە کێبڕکێکارەکان دەستیان بە بانگەشە کردووە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ، گرەو لەسەر باشترکردنی دۆخی خەڵک دەکەن.
هەڵبژاردنی ئەمجارە کەوتووەتە گەرمەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەیرانی کۆرۆنا دۆخی تەندروستی و دارایی خەڵکی پەرێشانکردووە.
لارس کلینگبیل، سکرتێری گشتی پارتی SPDـە و دەڵێت، "دەمانەوێت مووچە بەرزبکەینەوە، دەمانەوێت پارێزگاری گۆڕانی کەشوهەوا تێکەڵ بە تەکنەلۆژیا بکەین بۆ ئەوەی دەرفەتی کاری نوێ و گەشە و خۆشگوزەرانی پارێزراوبێت یاخود بڕەخسێندرێن لە ئەڵمانیا. پشتگیری لە مووچەیەکی جێگیری خانەنشینی دەکەین. ئۆلاف شۆلش پشتگیری لە هەموو ئەمانە دەکات. ئەو کەسێکی خاوەن بیرۆکە و ئەزموون و بەتوانایە."
لافاوە چاوەڕواننەکراوەکەی دوو هەفتە لەمەوبەر کە بەشی رۆژئاوای ئەڵمانیای گرتەوە، گۆڕانی کەشوهەوای کردە مژارێکی گەرم لەبەرچاوی خەڵک. کارکردن لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا بەشێکی گرنگی کارنامەی پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیایە.
ئانالێنا بایربۆک، هاوسەرۆکی پارتی سەوز دەڵێت، "قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا هاوکێشەیەکی ئاڵۆز نییە، ئێستا لەنێوماندا روودەدات، دەبێت ئەوەی لە تواناماندابێت بیکەین بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانی کەشوهەوایە کۆنترۆڵ بکەین. ئێمە لەبەردەم دووڕیانێکی چارەنوسسازین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو 1.5 پلەی گەرمییە بخەینە ژێر کۆنترۆڵی خۆمانەوە."
زیاتر لە حەوت پارتی سیاسی و ژمارەیەک بەربژێری سەربەخۆ رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی 709 کورسیی پەرلەمانی وڵاتەکەیان دەکەن.
بەگوێرەی راپرسیێک کە لەلایەن پەیمانگەی ئینفراتیست دیماپ ئەنجامدراوە، پارتی کریستیان دیموکرات و پارتی یەکێتیی کریستیانی باڤاریا بە 27٪ـی دەنگەکان پلەی یەکەم بەدەستدەهێنن، پارتی سەوز 19٪، پارتی سۆسیال دیموکرات 18٪ پارتی ئازادیی دیموکرات 12٪ و پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 10٪ چەپەکان 6٪ و پارتەکانی دیکەش 8٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.
خۆبەربژێرنەکردنەوەی ئەنگێلا مێرکلیش بۆ یەکەمجار لەدوای 16 ساڵ و کێبکڕکێکردن بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکەی، کەشوهەوای هەڵبژاردنەکەی هێندەی دیکە گەرموگوڕتر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ