رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ لە بەشێکی نەرویج هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکە دەستیپێکرد و ئەمڕۆش لە تەواوی وڵاتەکە بەڕێوەدەچێت. 8 بەربژێری کورد لە سێ پارت رکابەریی بەدەستهێنانی کورسی دەکەن. بەشێکیان بۆ رووداو دواون و داوای بەشداریی کارای کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بە رووداو دراون، 8 بەربژێری کورد بۆ هەڵبژاردنەکە هەن کە سەر بە پارتەکانی سوور، سۆسیال چەپ و پارێزگارانن.
سێ لەو بەربژێرانە لە وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە بەشی نێودەوڵەتیی رووداودا پلان و بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیان روونکردەوە و داوای بەشداریی کارای کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە دەکەن.
نیگار عینایەتی: بەشداری لە هەڵبژاردن بەهێزکردنی پایەکانی دیموکراسییە
نیگار عینایەتی، یەکێکە لە بەربژێرانی هەڵبژاردنەکە و لە پارێزگای ئاکەرشهوس لەسەر لیستی پارتی سوور بەربژێرە.
ئەو هاونیشتمانییە داوای بەشداریی کارای کوردی دانیشتووی نەرویج لە هەڵبژاردنەکە دەکات و بە رووداوی راگەیاند: "بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسییە. هەربۆیە دەبێ گەل پشانی بدات کە خاوەنداریەتی دەنگی خۆی دەکات".
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی کوردی دانیشتووی نەرویج نییە، بەڵام وا دەخەمڵێندرێ ژمارەیان نزیکەی 100 هەزار کەس بێ.
ئەو بەربژێرە کوردە گوتیشی، هەوڵی ئابوورییەکی باشتر بۆ نەرویجیەکان بە گشتی و کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە بەتایبەت دەدات؛ ئاماژەی بەوەشکرد، کار بۆ "بە فەرمی ناساندنی هێرشی سەر هەڵەبجە و شنگال و سەردەشت وەک کۆمەڵکوژی/جێنۆساید دەکەین. لە مژاری رۆژئاوایشدا بە فەرمی ناساندنی دەسەڵاتی رۆژئاوا وەک هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەر بەلامانەوە گرنگە."
ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوەشکرد: "لە بابەتی ئێراندا نابێ تەنیا سەرنج لەسەر پرسی ئەتۆمی بێت، بەڵکو پێویستە مافی گەلانی ئەوێ بە فەرمی بناسێندرێ و گوشار لە ئێران بکەین بۆ لابردنی سزای سێدارە."
نەویسا فەلاحزادە: بەشداری کورد زۆر پێویستە
نەویسا فەلاحزادە ساڵی 2003 لە هەولێر لەدایکبووە. ئەو هاونیشتمانییە بەربژێری پارتی سوورە لە بازنەی هێدەرمارک. نەویسا بە رووداوی راگەیاند، بەشداریی کوردی دانیشتووی وڵاتەکە لەم هەڵبژاردنەدا بۆ سەرخستنی داواکارییەکانیان زۆر گرنگە.
ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت، کار بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان، رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر و خوێندنی باشتر بۆ هەموو تاکەکانی نەرویج دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد، "ئاسانکاری و هاندانی لاوان بۆ خوێندنی باڵا بە تایبەتی لاوانی کورد و پەنابەرانی دانیشتووی نەرویج یەکێکە لە دیارترین خاڵەکانی بەرنامەکەم".
نەویسا کە خەڵکی مهابادە گوتی: "من و پارتەکەم بە تووندی پابەندین بە دادپەروەری، دیموکراسی و ئاشتی بۆ نەتەوەی کورد و گەلانی عێراق، سوریا، ئێران و تورکیا. لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی ناوچەکە دەکەین."
ئەوین ساڵح: پارتەکەمان زۆرترین هەوڵی بۆ کورد داوە
ئەوین ساڵح کە لە پارتی سوور و لە بازنەی تێئەمارک بەربژێرە، بە رووداوی راگەیاند، بەشداریی کورد لە هەڵبژاردنەکەدا گرنگە.
ئەو هاونیشتمانییە لەبارەی پلانەکانی بۆدوای بوونە پەرلەمانتار گوتی: ''کێشەی وڵاتی نەرویج ئەوەیە کە خەڵکی هەژار و کەمدەست هەموو مافێکی نییە؛ دەمانەوێ دەوڵەتی نەرویج بۆ هەموو گرووپێک هەوڵ بدات و هەژار و دەوڵەمەند یەک مافیان هەبێت.''
ئەوین ساڵح رایگەیاند: ''ئێمە هەوڵی زۆر بۆ کۆچبەران دەدەین و دەمانەوێ هەموو کەس کە پێویستی بە یارمەتییە، هاوکاری بکەین؛'' ئاماژەی بەوەشکرد: ''دەمانەوێ یارمەتی پەناخوازان بدرێ بۆ ئەوەی دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن. سوودی زۆرمان لە کۆچبەران وەرگرتووە و دەمانەوێ پارتەکانی دیکەش هاوکاری کۆچبەران بکەن.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ