رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی فەرەنسا متمانەی لە حکومەتی فرانسوا بایرۆ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە وەرگرتەوە. تەمەنی سەرۆکایەتییەکەی تەنیا 9 مانگ بوو.
بایرۆی 74 ساڵان، چوارەم سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا بوو لە ماوەی دوو ساڵ دا.
فرانسوا بایرۆ، داوای کەمکردنەوەی 44 ملیار یۆرۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەرزە گشتییەکانی سەر وڵاتەکەی کردبوو، بەڵام پارتە چەپ و راستەکان دژی داواکە بوون.
پەرلەمانی فەرەنسا بە 364 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 194 دەنگی نەخێر، متمانەی لە فرانسوا بایرۆ ستاندەوە. هەروەها 25 پەرلەمانتار دەنگیان نەدا.
بۆچی ئەمە روویدا؟
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ساڵی 2024 داوای هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی کرد، بەو هیوایەی زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنیت، بەڵام پارتەکەی دەنگێکی زۆری لەدەستدا و بووە پارتی سێیەم.
پارتەکانی فەرەنسا هیچیان زۆرینەی پەرلەمانیان نییە، بۆیە هیچ سەرۆکوەزیرانێک ناتوانێت بە ئاسانی یاسا تێبپەڕێنێت
ماکرۆن، ئەیلوولی 2024 میشێل بارنەری وەکو سەرۆکوەزیران دەستنیشان کرد، بەڵام تەنیا سێ مانگ لە پۆستەکەی مایەوە و دوورخرایەوە.
بارنەر بووە یەکەم سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە ئەو ماوە کورتە لە پۆستەکە دا بێت.
فرانسوا بایرۆ، لەدوای ئەو دەستنیشان کرا، بەڵام تەنیا 9 مانگ لە پۆستەکەی مایەوە و ئەمڕۆ دوورخرایەوە.
چی روودەدات؟
پارتی چەپ و راستی فەرەنسا دژی بایرۆ بوون، هەردوو لایەنیش لە کۆی 577 کورسیی پەرلەمان، 330 کورسییان هەیە. بۆیە دوورخستنەوەی بایرۆ کەسی شۆک نەکرد.
چاوەڕوان دەکرێت، بایرۆ سبەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێشی ماکرۆن بکات و کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنساش دەڵێت، ماکرۆن "لە چەند رۆژی داهاتوودا" شوێنگرەوەیەک دیاری دەکات.
تاوەکو دیاری کردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ، بایرۆ لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکوەزیرانێکی دیکەی نێوەندگیر دەستنیشان بکاتەوە، بەڵام ئەویش تووشی هەمان کێشە دەبێتەوە، کە تێپەڕاندنی بودجەی ساڵی داهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ