بانگخوازێکی ئەمریکی: ترەمپ بەو کارانەی بەرامبەر کورد دەیکات، لەوانەیە بەهەشت لەدەستبدات

08-10-2019
پەیام زاهیر
نیشانەکردن رۆژئاوای کوردستان ترەمپ
A+ A-

رووداو - هەولێر 

 

پات رۆبێرتسۆن، بانگخوازی کریستیان لە ئەمریکا لە کاردانەوەی بڕیارەکانی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی تورکیا و رۆژئاوای کوردستان رایدەگەیێنێت، بەهۆی بڕیارەکانییەوە، ترەمپ مەترسی ئەوەی لەسەرە بەهەشت لەدەستبدات.

 

ئەو بانگخوازە ئاماژە بەوە دەکات، تورکیا هاوپەیمانی ئەمریکا نییە و سەرۆککۆماری تورکیاش بە دیکتاتۆر ناودەبات. 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رۆبێرتسۆن دەڵێت "سەرۆکی ئەمریکا کە رێگەی دا جەمال خاشقچی، رۆژنامەڤانی سعودی لەتلەت بکرێت بەبێ ئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی بکات، ئێستاش رێگە بە تورکیا دەدات کریستیان و کوردەکان لە سووریا بکوژێت. بەو کارانەی ترسی لەدەستدانی بەهەشتی هەیە". 
 
رۆبێرتسۆن ئاماژە بەوەشدەکات، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ناپاکییە کە لەلایەن ترەمپەوە بەرامبەر کوردەکان ئەنجامدەدرێت، ئەو هەنگاوە وادەکات تورکیا دژی کوردەکان بوەستێتەوە. 
 
پات رۆبێرتسۆن تەمەنی 89 ساڵە و دۆستێکی نزیکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە، لە ماوەی تەمەنیدا وەک بێژەر و راوێژکاری سیاسی و نووسەری کتێب لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، رۆحی و سیاسیدا کاری کردووە.
 
شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو لایەنگیری هیچ لایەنێک لە سووریا ناکات. ئێوارەی ئەمڕۆش لە توویتێکدا رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک کوردەکانمان بەجێنەهێشتووە، ئەوان کەسانی تایبەت و جەنگاوەری نایابن.  

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە