ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەهۆی غەززەوە ئەندامێکی خۆی سانسۆر دەکات

08-11-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی لێدوانی "دژ بە ئیسرائیل"، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رەشیدە تەلیب، ئەندامی ئەنجوومەنەکەی بە زۆرینەی دەنگ سانسۆر کرد.
 
سانسۆر بە مانای لەکارخستن یان دەرکردنی نوێنەرەکە نایێت بەڵکو بە مانای "ناڕازیبوونی زۆر"ـی ئەنجوومەن دێت لە بەرامبەر گوفتار و رەفتارەکانی نوێنەرەکەدا، هەروەها بەشێکی زۆر لە ئەندامە هاوپیشەکانی پەیوەندییان لەگەڵیدا دەپچڕێنن.
 
رۆژی هەینی، 3-11-2023، رەشیدە تەلیب لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسی، "لە رووبارەوە تاوەکو دەریا، هەمووان داوای ئازادیی، مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیان بە ئاشتییانە دەکەن، نەک مردن، لەناوبردن و رق. کاری من هەمیشە بەرگریکردن بووە لە دادپەروەریی و شکۆ بۆ هەموو خەڵک، بەبێ ئەوەی گرنگ بێت چ ئایین و کام ئیتنیکیان هەیە".
 
"لە رووبارەوە تاوەکو دەریا" لەلای زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا وا لێکدراوەتەوە، رەشیدە مەبەستی لە سنووری رووباری ئوردن بێت تاوەکو دەریای نێوەڕاست و ئەو مەودایە بە خاکی فەلەستین بزانێت کە ئیسرائیل، کەرتی خۆرئاوا و غەززەش دەگرێتەوە. بۆیە بە تۆمەتی "داوای رووخاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل" لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کرد. 
 
هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی 234 ئەندامی ئەنجوومەن دەنگ بە "سانسۆرکردن"ـی بدەن لە بەرامبەر 188 دەنگی دژ.
 
رەشیدە تەلیب یەکەم ژنە فەلەستینی - ئەمریکییە لە مێژوودا وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا خزمەت بکات و لە ویلایەتی میشیگن و لە پارتی دیموکراتەکان هەڵبژێردراوە.
 
داوای سانسۆرکردن لەلایەن ریچ مەکۆرمیک، ئەندامی پارتی کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە بەرزکرابووەوە و تێیدا هاتبوو، "رەشیدە بە بەردەوامی زانیاریی ناڕاست لەبارەی ئیسرائیل بڵاودەکاتەوە و گوتوویەتی، ئەو وڵاتە بە ئەنقەست نەخۆشخانەکەی غەززەی بۆردوومان کردووە".
 
لە پاش پرۆسەی دەنگدانەکە، رەشیدە تەلیب راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "شەرمە بۆ هاوپیشەکانم لە کاتێکدا کە لەجیاتی ئەوەی ژیان [ـی خەڵک] بپارێزن، کەچی زیاتر جەختیان لەسەر بێدەنگکردنی منە. بەمە نیشانی منی دەدەن کە ژیانی فەلەستینییەکانیان بەلاوە گرنگ نییە".
 
ئەمڕۆ یەک مانگ و یەک رۆژە لە غەززە شەڕە، بە گوتەی تەندروستیی کەرتی غەززە کە حەماس بەڕێوەی دەبات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار و 300 کەسیان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون و لە بەرامبەردا، تەلئەڤیڤ دەڵێت، هەزار و 400 کەسی سڤیل و 340 سەربازیان لێ کوژراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە