رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری حکومەتی ویلایەتی ئانهالت ساکسنی لە ئەڵمانیا، هەر کەسێک داوای وەڵاتینامە بکات لەو ویلایەتە یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە دەبێت بە نووسراوی فەرمی دانبنێت بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا، هەموو ئەو هەوڵانەی دژی مانەوەی ئەو دەوڵەتە هەیە، سەرکۆنە بکات.
تیمی بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو چوونەتە ویلایەتی ئانهالت ساکسنی لە ئەڵمانیا بەدواداچوون بۆ شێوازی وەرگرتنی وەڵاتینامە دەکەن لەو ویلایەتە، بەپێی بەدواداچوونەکان، حکومەتی ئانهالت یەکێک لە مەرجەکانی کە بۆ وەرگرتنی وەڵاتینامە لەو ویلایەتە دایناوە ئەوەیە کە کەسی داواکار بە فەرمی دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا بنێت.
تامارا تسیشانگ، وەزیری نێوخۆی ویلایەتەکە دڵخۆشی خۆی لەبارەی ئەو بڕیارەوە دەربڕیوە و دەڵێت، پێویستە 15 ویلایەتەکەی دیکەی ئەڵمانیاش ئەو ئەزموونە دووبارە بکەنەوە.
وەزیری نێوخۆی ویلایەتەکە باس لەوەش دەکات کە دژایەتیکردنی ئیسرائیل واتە دژایەتیکردنی سامیزم، ئەمەش بەپێی دەستووری ئەڵمانیا قەدەخەکراوە بۆیە بڕیارەکەیان بە پشتبەستن بە دەستووری ئەڵمانیا داوە.
بەپێی ئەو بڕیارەی وەزارەتی نێوخۆی ویلایەتەکە جگە لەوەی کەسی داواکاری وەڵاتینامە، کە دەبێت داننان بە دەوڵەتی ئیسرائیل دووپاتبکاتەوە، هەروەها دەبێت هەموو ئەو هەوڵانەی کە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل هەن سەرکۆنەی بکات، بۆ ئەمەش دەبێت بە نووسراوی فەرمی بسەلمێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ