رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئەو داتایانەی وەزارەتی کۆچبەران و پەنابەرانی حکومەتی ئەڵمانیا بڵاویکردووەتەوە، 11 هەزار و 500 هاووڵاتیی عێراقی داوای مافی پەنابەرییان لەو وڵاتە کردووە، زۆرترین داواکاریش بۆ مافی پەنابەری لەلایەن هاووڵاتییانی سووریاوە بووە و کە ژمارەیان97 هەزار کەس دەبن.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی وەزارەتی کۆچبەران و پەنابەرانی ئەڵمانیا بڵاویکردووەتەوە و بە دەستی رووداو گەیشتوون، تەنیا لە مانگی تشرینی دووەمدا 97 هەزار هاووڵاتی سووری داوای مافی مانەوەیان کردووە لەو ژمارەیەش تەنیا هەزار و 500 کەسیان پێشووتر لە ئەڵمانیا بوون، 95 هەزار و 500 کەسیان یەکەمجارە داواکاریی پێشکێش دەکەن.
لەدوای رێژە زۆرە هاووڵاتیی سووریا، هاووڵاتییانی تورکیا دێن، کە بەپێی داتاکانی وەزارەتەکە 57 هەزار هاووڵاتیی تورکیا داوای مافی پەنابەرییان لە ئەڵمانیا کردووە، لەو ژمارەیەش 1300 کەسیان پێشووتر لە ئەڵمانیا بوون و زیاتر لە جارێک داواکارییان پێشکێشی حکومەتی ئەو وڵاتە کردووە.
وەزارەتی کۆچبەران و پەنابەرانی ئەڵمانیا رایگەیاندووە کە 11 هەزار 500 هاووڵاتیی عێراقی داواکارییان بۆ مانەوە لە ئەڵمانیا پڕکردووەتەوە. هەروەها نۆ هەزار 600 هاووڵاتیی ئێرانیش لەنێو داتاکانی وەزارەتەکەدا هەن کە داواکارییان پێشکێشکردووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی رووداو لە داتاکانی وەزارەتی کۆچبەران و پەنابەران لە مانگەکانی دیکە و مانگی تشرینی دووەم، دەرکەوتووە کە سەرباری جەنگ لە سوودان و فەلەستین و کودەتا سەربازییەکانی ئەفریقا، رێژەی داواکاریی مافی پەنابەرێتیی لەلایەن هاووڵاتیی ئەو سێ وڵاتە هێندە کەمن لە داتای وەزارەتەکە بۆ مانگی تشرینی دووەم تۆمار نەکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ