کوڕەکەی بایدن بە خۆدزینەوە لە باج تۆمەتبار کرا

08-12-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە دوای تۆمەتبارکردنی بە هەڵگرتنی چەک بە نایاسایی، هەنتەر بایدن، کوڕی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لەلایەن دادگەی فیدراڵی ئەو وڵاتەوە بە "خۆدزینەوە لە باج" تۆمەتبارکرا.
 
رۆژی پێنجشەممە 7-12-2023، دادگەی فیدراڵی ئەمریکا لیستێكی بە نۆ تۆمەتەوە ئاراستەی هەنتەر بایدن کرد؛ تێیدا هاتووە "هەنتەر تێوەگلاوە لە پلانێک" کە رێگەی پێداوە لە نێوان ساڵانی 2016-2019 لە پێدانی باج بە بڕی 1.4 ملیۆن دۆلار، خۆی بدزێتەوە.
 
هەشت تۆمەتەکانی دیکە کە ئاراستەی هەنتەری 53 ساڵ کراون خۆیان لە "خەرجکردنی پارە بۆ دابینکردنی مادەی هۆشبەر" تاوەکو "بەفیڕۆدانی پارەی باج بۆ دابینکردنی خەرجی پاسەوان و ئاهەنگ و ئۆتۆمبێلی گرانبەها و جلوبەرگی گران" دەبیننەوە.
 
ئەگەر لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتانە سزا بدرێت، لانیکەم 17 ساڵ زیندانی دەکرێت.
 
بەو جۆرە لە ساڵی 2024 هەنتەر بایدن دوو جار دادگایی دەکرێت، دووەمیان لەسەر هەڵگرتنی چەکی نایاساییە، کە لە ساڵی 2018دا کڕیویەتی؛ هەروەها دوو تۆمەتی دیکەی تایبەت بە خۆدزینەوە لە باج، جیا لەوانەی کە پەیوەندییان بە ساڵانی 2016 تاوەکو 2019 هەیە.
 
لە هاوینی ئەمساڵ دادگەی ویلایەتی دیلاوەر کە شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانی بایدنە؛ سێ تۆمەتی ئاراستەی هەنتەر کرد و تێیدا هاتبوو: "لەو لیستە تایبەتەی بە کڕینی چەک کە هەنتەر بایدن لە 2018دا پڕی کردووەتەوە پرسیارێک سەبارەت بە ئاڵوودەبوونی کڕیارەکە بە مادەی هۆشبەر هەیە؛ هەنتەر بە نەخێر پڕیکردووەتەوە کە بە گوتەی دادگە "درۆی کردووە و فێڵی لە دامەزراوە فیدراڵییەکان" کردووە.
 
هەروەها دوو تۆمەتی تایبەت بە خۆدزینەوە لە باجی ئاراستە کرا.
 
لە ئابی ئەم ساڵ، هەنتەر کە پارێزەر و بازرگانە، لەگەڵ دەیڤید وایس، داواکاری گشتی دیلاوەر بە رێککەوتنێک گەیشتن تێیدا هەنتەر لە بەرامبەر "سڕینەوەی" تۆمەتی "هەڵگرتنی چەکە نایاساییەکە"؛ دان بە دوو تۆمەتەکەی تایبەت بە خۆدزینەوە لە باج دەنێت؛ رێککەوتنەکە لەژێر کاریگەری گرووپی لۆبی کۆمارییەکان، شکستیهێنا و لیستە سێ تۆمەتییەکە لەسەر هەنتەر مانەوە و ئێستا چاوەڕێ دەکرێت ساڵی داهاتوو لە گەرمەی هەڵمەتی بانگەشەکانی بایدن لەلایەن کۆمارییەکانەوە بورووژێندرێن.
 
لیستی تۆمەتەکانی هەنتەر بایدن؛ بە یەکێک لە پەڕاوە ئاڵۆزەکانی بەردەم خۆبەربژێرکردن و هەڵبژاردنەوەی بایدن بە سەرۆکی ئەمریکا دادەنرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە