ڤیدیۆ.. ژمارەیەک چەکدار لە ئیکوادۆر هەڵدەکوتنە سەر تەلەڤزیۆنێک

09-01-2024
ڤیدیۆی هەڵکوتانە سەر تەلەڤزیۆنەکە
ڤیدیۆی هەڵکوتانە سەر تەلەڤزیۆنەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک چەکدار لە ئیکوادۆر هەڵیان کوتایە سەر تەلەڤزیۆنێک و بە چەکەوە چوونە نێو ستۆدیۆکانییەوە لەکاتێکدا لە پەخشی راستەوخۆدا بوو.
 
بەپێی ڤیدیۆکان، چەکدارەکان کە چەکی جۆراوجۆریان بەدەستەوەیە و دەموچاوی خۆیان داپۆشیوە، لەنێو ستۆدیۆکە هەڕەشە لە خەڵک دەکەن. 
 
ئەو تەلەڤزیۆنەی چەکدارەکان هەڵیان کوتاوەتە سەری سەر بە تۆڕی میدیایی تی سی ـیە و دەکەوێتە شاری گوایاکویل. چەکدارەکان هاوار دەکەن کە بۆمبیان پێیە. 
 
دوای ئەوەی حکومەتی ئیکوادۆر باری لەناکاوی راگەیاند بەهۆی هەڵاتنی سەرۆکی یەکێک لە گرووپە تاوانکارییەکان لە زیندان، چەندین هێرش و تەقینەوە لەو وڵاتە روویانداوە کە بەشێکیان بنکەکانی پۆلیسیان کردووەتە ئامانج. 
 
ئەو سەرۆکی گرووپەی کە لە زیندان هەڵاتووە ناوی ئەدۆلفۆ ماسیاس ڤیلامارە و بە "فیتۆ" ناسراوە، سەرۆکی باندێکی بەهێزی مادەی هۆشبەر و تاوانکارییە بە ناوی 'لۆس چۆنێرۆس،' کە تۆمەتبارە بەوەی لە چەند مانگی رابردوودا لەپشت بەشێک لە شەڕ و ئاژاوەکانی نێو زیندانەکانەوە بووبێت.
 
هاوکات پۆلیسی ئیکوادۆر ئەڵێت، لە شەوی دووشەممەدا، بەیانیی رۆژی سێشەممە بەکاتی هەولێر، چوار پۆلیس لەلایەن گرووپە نەناسراوەکانەوە رفێندراون و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە. یەکێک لەو پۆلیسانە لە شاری کویتۆی پایتەخت بووە و سیانەکەی دیکە لە شاری کوێڤیدۆ بوون. 

حکومەتی ئیکوادۆر ئامارێکی دروستی لەبارەی ژمارەی هێرش و تەقینەوەکان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام میدیای خۆجێیی وڵاتەکە دەڵێت، چەندین هێرش روویانداوە و بەشێکیان لە شارەکانی باکووری وڵاتەکە بوون. لە هێرشەکاندا ئۆتۆمبێل گڕی تێبەردراوە. هەروەها تەقینەوەیەکیش لە نزیک ماڵی سەرۆکی دادگەی وڵاتەکە بووە. 

تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ گرووپ و لایەنێکیان بە فەرمی بە دەستهەبوون لە هێرش و تەقینەوەکان تۆمەتبار نەکردووە. ناشڵێن کە تاوانی جیاجیان یان رێکخراون.

لە ساڵانی رابردوودا ژمارەی کردەوە تاوانکارییەکانی پەیوەندیدار بە قاچاخیی مادەی هۆشبەر، کوشتن و رفاندن لە ئیکوادۆر زیادیان کردووە.  

"فیتۆ" تۆمەتبارێکی بەنێوبانگە و تۆمەتبارە بەوەی دەستی لە کوشتنی فێرناندۆ ڤیلاڤیسینسۆی بەربژێری سەرۆکایەتی لە ساڵی 2023دا هەبووبێت.
 
جگە لەو تاوانەش، فیتۆ بەهۆی چەند تۆمەتێکی دیکە، دادگە 34 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندبوو. دانیاڵ نۆبوا، سەرۆکی ئیکوادۆر لەو بارەیەوە گوتی، "ئەم گرووپە تیرۆریستییەی مادەی هۆشبەر بەنیازن ئێمە بترسێنن و پێیان وایە ئێمە خۆمان بەدەستەوە دەدەین."

لۆس چۆنێرۆس، گرووپەکەی فیتۆ، باندێکی تاوانکارییە و بە گوتەی پۆلیسی ئیکوادۆر، باندەکە لە رفاندنی خەڵک، کوشتن، بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر تێوەگلاوە.
 
زیندانەکانی ئیکوادۆر بەوە ناسراون کە باندەکانی تاوانکاری تێیدا باڵادەستن و ناوە ناوەش لەنێو زیندانەکان پێکدادانی نێوان باندەکان روودەدات.
 
زۆرترین بڕی کۆکاین لە جیهاندا لە ئیکوادۆر بەرهەم دەهێندرێت و لە ساڵی رابردوودا، پۆلیسی ئیکوادۆر دەستی بەسەر زیاتر لە 220 تۆن مادەی هۆشبەردا گرتووە.
 
لەنێوان ساڵی 2018 تاوەکو ساڵی 2021 دیاردەی کوشتن 800% لە ئیکوادۆر زیادیکردووە و لە شەش کەس بۆ هەر 100 هەزار دانیشتووانێک بەرزبووەتەوە بۆ 46 کەس، واتە لە هەر 100 هەزار کەسێک 46یان کوژراون.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئیکوادۆر، لە ساڵی 2021ـەوە زیاتر لە 400 زیندانی، بەهۆی شەڕ و پێکدادانی باندەکان، لەنێو زیندانەکانی ئیکوادۆردا کوژراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.