رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونەوە و گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، سیاسەتێکی هێرشبەرانەی گرتووەتە بەر. لە تێڕوانینیدا، سنوورەکان و سەروەریی وڵاتان جێگیر نین؛ ئەو هەڕەشەی گۆڕینی رژێم، دەستبەسەرداگرتنی سامانەکان و تەنانەت لکاندنی خاکی وڵاتانی دراوسێش دەکات.
ئەو وڵاتانەی ترەمپ وەک ئامانجی سەربازی و سیاسی لە خشتەی کارەکانیدا دای ناون، لە ژێر هەڕەشەیدان:
ڤەنزوێلا: چاودێریی سامانی نەوتی
دۆناڵد ترەمپ، ڤەنزوێلای بە کارئاسانی بۆ گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان تۆمەتبار کردووە، لە کاتێکدا کاراکاس دەڵێت، ئەمریکا چاوی لە سامانی نەوتی وڵاتەکەیەتی.
واشنتن پێشتر گوشاری ئابووریی خستبووە سەر ڤەنزوێلا و هێزی سەربازیی لە دەریای کاریبی بڵاوکردبووەوە.
پلانی ئیدارەی ترەمپ ئەوەیە کە کۆنترۆڵی فرۆشی نەوتی ڤەنزوێلا و داهاتەکەی بکات.
گرینلاند: دوورگەیەک لەنێوان ئۆتۆنۆمی و ستراتیژیەتی بەرگریدا
ترەمپ، دەیەوێت گرینلاند کە خاوەنی ئۆتۆنۆمییە لەچوارچێوەی شانشینی دانیمارک دا، بکاتە بەشێک لە ستراتیژییەتی بەرگریی دەرەکیی ئەمریکا.
سەرەڕای دژایەتیی تووندی سەرکردەکانی ئەورووپا، گرینلاند و دانیمارک، بەڵام کۆشکی سپی هیچ بژاردەیەک، تەنانەت کردەوەی سەربازیش بەدوور نازانێت.
کوبا: گۆڕینی رژێم
ترەمپ، چەندین جار هێرشی تووندی کردووەتە سەر کوبا و داوای گۆڕینی سیستمی فەرمانڕەوایی لەو وڵاتەدا کردووە.
هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە رەنگە کوبا دوای ڤەنزوێلا بکرێتە ئامانج، هەرچەندە دواتر لە لێدوانەکانی پاشگەزبووەتەوە.
کۆڵۆمبیا: هەڕەشە بە بیانووی کۆکاین
بە بیانووی هەبوونی کارگەی کۆکاین، ترەمپ هەڕەشەی کردەوەی سەربازیی لە کۆڵۆمبیا کردووە و چەندین جار هۆشداریی داوەتە گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە.
کاتێک پرسیاری کردەوەی سەربازیی لێکرا، ترەمپ گوتی: "پێموایە باشە."
مەکسیک: کێشەی مادەی هۆشبەری فێنتانیل
پەیوەندییەکانی ترەمپ و مەکسیک لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەوە ئاڵۆزە.
واشنتن، مەکسیکۆ سیتی بە کەمتەرخەمی لە بەرامبەر قاچاخچێتیی مادەی هۆشبەری فێنتانیل بۆ ئەمریکا تۆمەتبار دەکات و ترەمپ دەڵێت: "پێویستە شتێک لەگەڵ مەکسیک بکرێت."
ئێران: بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی
ئیدارەی ترەمپ، پێشتر هێرشی کردووەتە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران و بە "سەرکەوتنێکی سەربازیی گەورە" وەسفی کردووە.
هەڕەشەی هێرشی دیکە دەکات ئەگەر تاران هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامە مووشەکییەکەی بدات.
لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا، ترەمپ گوتی :" واشنتن "ئامادەیە" بۆ دەستوەردان.
کەنەدا: خەونی بوون بە ویلایەتی 51
ترەمپ، ئاماژەی بەوەداوە کە پێویستە کەنەدا ببێتە ویلایەتی 51ـی ئەمریکا.
بەڵێنی پاراستنی کەنەدای، بە قەڵخانی مووشەکیی "گومەزی زێڕین" داوە، ئەگەر ببیتە ویلایەتێکی ئەمریکا.
لە بەرامبەردا، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی ئارەزوویەکی وای نییە ببێتە بەشێک لە ویلاتە یەکگرتووەکان.
پەنەما: کۆنترۆڵکردنی کەناڵە ستراتیژییەکە
ترەمپ، پێیوایە پێویستە ئەمریکا کۆنترۆڵی کەناڵی پەنەما بکات.
هۆشداریی لەبارەی هەژموونی چین لەو رێڕەوە ئاوییەدا داوە، هەڕەشەی 'جووڵاندنی هێزی' دژیان کردووە.
حکومەتی پەنەما جەختی لە "سەروەریی تەواو"ی خۆی بەسەر کەناڵەکەدا کردووەتەوە.
نەیجیریا: چەوساندنەوەی مەسیحییەکان
بە بیانووی چەوساندنەوەی مەسیحییەکان، ترەمپ چاوی خستووەتە سەر نەیجیریا.
پێشتر لە مانگی 12ـی 2025، ئەمریکا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەبوجای پایتەخت، بۆردوومانی داعشی لەنێو ئەو وڵاتەدا کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ