سەرکردەکانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا "کوشتنی خۆپێشاندەران" لە ئێران سەرکۆنە دەکەن

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرکردەکانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا رۆژی هەینی راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەیاندا، حکومەتی ئێران بە "کوشتنی خۆپێشاندەران" تۆمەتبار دەکەن و سەرکۆنەی دەکەن. هەروەها داوا لە بەرپرسانی تاران دەکەن، دان بەخۆیاندا بگرن.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا؛ کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا، "نیگەرانی"ی خۆیان لەبارەی دەنگۆی تووندوتیژیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە دژی خۆپێشاندەران دەردەبڕن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "زۆر نیگەرانین لە هەواڵی تووندوتیژیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران و بە تووندی کوشتنی خۆپێشاندەران سەرکۆنە دەکەین. دەسەڵاتدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی پاراستنی خەڵکی خۆیانیان لەئەستۆیە و دەبێت رێگە بە ئازادیی رادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتییانە بدەن، بەبێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە."
 
هەروەها داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکەن، "دان بە خۆیاندا بگرن، خۆیان لە تووندوتیژی بەدوور بگرن و مافە بنچینەییەکانی هاووڵاتییانی ئێران بپارێزن."
 
ئەمەش لە کاتێکدایە خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پێی ناوەتە 13یەمین رۆژ، سەرەڕای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە دەسەڵاتداران ئینتەرنێت و پەیوەندییەکانیان لە سەرتاسەری وڵات بڕی، هەنگاوێک کە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، ئامانج لێی شاردنەوەی قەبارەی سەرکوتکردنەکەیە.
 
ناڕەزایەتییەکان لە 28ی کانوونی یەکەم بەهۆی دۆخی سەختی ئابووری، لەوانەش هەڵاوسانی زۆر و دابەزینی بەهای دراو دەستیپێکرد، بەڵام دواتر گۆڕان بۆ داواکاریی گۆڕینی حکومەت و لە تەواوی 31 پارێزگە و زیاتر لە 100 شاردا خۆپێشاندان راگەیەندراوە.
 
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماری جیاواز لەبارەی قوربانییان بڵاودەکەنەوە. رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کە بنکەکەی لە نەرویجە، رایگەیاندووە تاوەکو 8ی کانوونی دووەم لانیکەم 45 کەس کوژراون کە هەشتیان منداڵن. ئاژانسی هەواڵی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ (HRANA)ـی ئەمریکی ژمارەی کوژراوانی بە 42 کەس مەزندە کردووە کە خۆپێشاندەر، رێبوار و هێزی ئەمنییان تێدایە، لەگەڵ دەستگیرکردنی زیاتر لە 2 هەزار 200 کەس.
 
ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، رۆژی هەینی لە یەکەم لێدوانیدا بۆ رای گشتی لەسەر خۆپێشاندانەکان، خۆپێشاندەرانی بە "تێکدەر" و بەکرێگیراوی هێزە دەرەکییەکانی وەک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناو بردن و بەڵێنیدا حکومەت پاشەکشە نەکات.
 
خۆپێشاندانەکان بە گەورەترین ئاڵنگاریی نێوخۆیی بۆ حکومەتی ئێران دادەنرێت لە دوای خۆپێشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی 2022.
 
نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان روو لە زیادبوونن؛ یەکێتیی ئەورووپا و بەرپرسانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کاردانەوەی حکومەتی ئێرانیان بە "نابەرابەر" ناوبرد و داوای لێپرسینەوە دەکەن.
 
ئێوارەی هەینی دۆخەکە بە ناسەقامگیری مایەوە و راپۆرتەکان باس لە بەردەوامیی پێکدادانەکان لە چەند شارێک دەکەن، سەرەڕای سنووردارکردنی پەیوەندییەکان کە رێگرە لە پشتڕاستکردنەوەی سەربەخۆی زانیارییەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە.

ئەو وڵاتانەی کە ترەمپ هەڕەشەیان لێدەکات؛ لە ڤەنزوێلاوە تاوەکو نەیجیریا

دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونەوە و گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، سیاسەتێکی هێرشبەرانەی گرتووەتە بەر. لە تێڕوانینیدا، سنوورەکان و سەروەریی وڵاتان جێگیر نین؛ ئەو هەڕەشەی گۆڕینی رژێم، دەستبەسەرداگرتنی سامانەکان و تەنانەت لکاندنی خاکی وڵاتانی دراوسێش دەکات.