رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی مەکسیک دەڵێن، لە رێگەی چاودێریکردنی کچە هاوڕێیەکەیەوە شوێنی ئۆسیگێرا سیرڤانتێس ناسراو بە "ئێڵ مێنچۆ""ی سەرۆکی یەکێک لە گەورەترین گرووپی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەری لە وڵاتەکەی دۆزیوەتەوە و کوشتوویەتی.
ریکاردۆ تریڤێلا تریخۆ، وەزیری بەرگریی مەکسیک رایگەیاند، دەسەڵاتداران بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی هاوبەشی مەکسیکی و ئەمریکی، رۆژی شەممە شوێنی "هاوەڵێکی جێی متمانەی یەکێک لە هاوبەشە سۆزدارییەکانی ئێڵ مێنچۆ"یان دەستنیشان کردووە، دواتر ئەو هاوەڵە ژنەکەی بردووە بۆ باڵەخانەیەک لە تاپالپا لە ویلایەتی خالیسکۆ.
تریڤێلا گوتی: "لەوێدا، ئەم هاوبەشە لەگەڵ ئێڵ مێنچۆ کۆبووەوە و لە 21ی شوباتدا شوێنەکەی بەجێهێشت. زانیاری بەدەست هات، کە ئاماژەی بەوە دەکرد ئێڵ مێنچۆ لەو شوێنە ماوەتەوە و لەلایەن تیمێکی پاسەوانییەوە دەورەدراوە. ئۆپەراسیۆنەکە هەر لەو رۆژەدا پلانی بۆ دانرا."
کوشتنی ئۆسێگێرا، رێبەری کارتیلی نەوەی نوێی خالیسکۆ و یەکێک لە داواکراوترین بازرگانانی مادەی بێهۆشکەر لە جیهاندا، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ سەرۆکی مەکسیک کلاودیا شەینباوم، کە لەژێر گوشارێکی زۆری ئەمریکادایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە فێنتانیل کە مادەیەکی هۆشبەرە.
وەزیرەکە گوتی، ئۆسێگێرا دوای ئەوەی ئەندامانی کارتیلەکە "بە تووندوتیژییەکی زۆرەوە" بەرەنگاری دەستگیرکردنەکەی بوونەوە، بریندار بوو و لە کاتی گواستنەوەیدا بۆ مەکسیکۆ سیتی گیانی لەدەستدا.
تریڤێلا ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆسێگێرا و "بازنەی نزیکەکەی" سەرەتا بەرەو دارستانێک لە دەوروبەری تاپالپا هەڵاتوون، لەوێدا تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان و هێلیکۆپتەرێکی هێزی ئاسمانی کردووە، کە بەهۆیەوە هێلیکۆپتەرەکە ناچار بووە بنیشێتەوە. گوتیشی، دوو پاسەوانی کەسی لە رووبەڕووبوونەوەکەدا بریندار بوون و لە رێگای گواستنەوەیان بۆ ناوەندێکی پزیشکی گیانیان لەدەستدا، لەگەڵ کوژرانی پێنج ئەندامی دیکەی کارتیلەکە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا.
"ئێڵ مێنچۆ"ی تەمەن 59 ساڵە، کارتیلی (CJNG)ی کردبووە یەکێک لە دوو بەهێزترین گرووپە تاوانکارییەکانی مەکسیک و دەسەڵاتەکەی بەسەر زۆربەی وڵاتەکەدا بڵاوکردبووەوە، هەروەها بەگوێرەی بەرپرسانی مەکسیک، رۆڵێکی پێشەنگی هەبوو لە گواستنەوەی فێنتانیل و مادە بێهۆشکەرەکانی دیکە بۆ ئەمریکا.
هەواڵی مردنی ئەو، رۆژی یەکشەممە بووە هۆی دروستبوونی رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی لە سەرانسەری مەکسیک، چونکە ئەندامانی کارتیلەکە ئۆتۆمبێلیان سووتاند و نزیکەی 250 رێگایان داخست. بەرپرسانی خالیسکۆ رایانگەیاند، 81 فرۆشگا هێرشیان کراوەتە سەر و 22 لقی بانکیش ئاگریان تێبەردراوە.
عومەر گارسیا هارفۆچ، وەزیری ئاسایشی مەکسیک گوتی، رۆژی یەکشەممە 25 ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی لە خالیسکۆ لە شەش هێرشی جیاوازدا لەگەڵ 30 ئەندامی کارتیلەکە کوژراون.
شەینباوم گوتی، تاوەکو بەیانی رۆژی دووشەممە هەموو بەربەستەکانی سەر رێگاکان پاککراونەتەوە و هێزە ئەمنییەکان و حکومەتەکانی ویلایەتەکان بە هەماهەنگییەکی نزیک کار دەکەن بۆ پاراستنی بارودۆخەکە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر کارتیلەکانی لە ناوخۆی مەکسیک کردووە، لە کاتێکدا گوشار دەخاتە سەر وڵاتەکە بۆ جووڵەکردن دژی سەرکردەکانی تاوانی رێکخراو کە ئەو بە بەرپرسیاری دەزانێت لەو مردنانەی بەهۆی ماددەی بێهۆشکەرەوە لە ئەمریکا روودەدەن.
بەشێک لە شیکەرەوە ئەمریکی و مەکسیکیەکان هۆشدارییان داوە کە نەمانی "ئێڵ مێنچۆ" دەکرێت ببێتە هۆی پارچەپارچەبوونی کارتیلەکە، کە لە زۆربەی 32 ویلایەتەکەی مەکسیکدا هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ