ویتکۆف و کوشنەر نامەیەک بە ترەمپ دەدەن؛ 'داوایان کردووە هێرش نەکاتە سەر ئێران'

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و جارێد کوشنەر، زاوای ترەمپ، لە بارەی ئێرانەوە نامەیەکیان بۆ سەرۆکی ئەمریکا ناردووە و داوایان لێکردووە، لەم کاتەدا هیچ هێرشێک نەکاتە سەر ئێران و دەرفەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدات.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی هەواڵیی ئەکسیۆسی ئەمریکی، ویتکۆف و کوشنەر کە سەرکردایەتیی دانوستاندنەکانی واشنتن لەگەڵ تاران دەکەن، هەمان ئەو نیگەرانییانەیان هەیە کە فەرماندە سەربازییەکان لەبارەی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێراندا هەیانە.
 
لەکاتێکدا کۆکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوامە، فەرماندە سەربازییەکان هۆشدارییان داوەتە ئیدارەی ترەمپ لە هەڵگیرساندنی شەڕ لەگەڵ ئێران. 
 
بەگوێرەی راپۆرتەکانی ئەکسیۆس و هەردوو رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ و واشنتن پۆستی ئەمریکی، دان کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارەکان سەرکردایەتیی هەوڵەکانی رازیکردنی ترەمپ دەکات بۆ ئەوەی هێرش نەکات.
 
لەکاتێکدا ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی هێرشکردنە سەر ئێران دەکات، کەین هۆشداریی داوەتە سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکە کە "کەمیی چەک و تەقەمەنی و نەبوونی پاڵپشتیی هاوپەیمانان، مەترسییەکانی سەر ئۆپەراسیۆنەکە و سەربازە ئەمریکییەکان زیاد دەکات."
 
هەروەها کەین هۆشداریی داوە لە "ئەگەری کەوتنەوەی زیانی گیانی لە ریزەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، شەکەتکردنی هێزەکان و لەدەستدانی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی."
 
بەگوتەی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا، زۆربەی ئەو هۆشدارییانە لەلایەن کەینەوە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیدا دراون، هەرچەندە فەرماندەکانی دیکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)ـیش ئاماژەیان بە نیگەرانیی هاوشێوە کردووە.
 
بەڵام سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەوە راست نییە؛ کەین هۆشداری لەو شێوەیەی نەداوە. ترەمپ میدیاکانی وڵاتەکەی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە تۆمەتبار کردن و جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن دەتوانێت لە هەر ململانێیەکدا "بە ئاسانی" تاران تێکبشکێنێت.
 
ترەمپ لە پۆستێکدا لە هەژمارەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، جەختی لەوە کردەوە کە "100٪ هەڵەیە" بگوترێت کەین "دژی ئەوەیە ئێمە شەڕ لەگەڵ ئێران بکەین. جەنەراڵ کەین وەکو هەموومان شەڕی ناوێت، بەڵام ئەگەر بڕیاری جووڵەی سەربازی دژی ئێران بدرێت، بە بڕوای ئەو، دەتوانرێت بە ئاسانی سەرکەوتنی تێدا بەدەستبهێندرێت."
 
ترەمپ رایگەیاند، کەین "تەنیا یەک شت دەزانێت: سەرکەوتن، ئەگەر فەرمانی پێبکرێت، سەرکردایەتیی ئەرکەکە دەکات" و ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارەکان ئامۆژگاریی ئەوەی نەکردووە کە هێرش نەکرێتە سەر ئێران.
 
 ترەمپ گوتی: "منم بڕیار دەدەم. پێمباشترە بگەینە رێککەوتنێک، بەڵام ئەگەر رێککەوتن نەکەین، ئەوە رۆژێکی زۆر خراپ دەبێت بۆ ئەو وڵاتە و زۆر نەگبەتیش دەبێت بۆ گەلەکەی."
 
ترەمپ ساڵی رابردوو فەرمانی هێرشکردنە سەر ئێرانی دا، چەندین جار هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتری کردووە.
 
رۆژی سێشەممە، ئێران بەڵێنی دا بە "تووندی" وەڵامی هەر هێرشێکی ئەمریکا بداتەوە.
 
هەردوو وڵاتە نەیارەکە خۆیان بۆ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە جنێڤ ئامادە دەکەن.
 
لە کاتێکدا ئێران رووبەڕووی گوشارەکانی ئەمریکا بووەتەوە، خوێندکارانی زانکۆکان وەرزی نوێی خوێندیان بە خۆپێشاندانی دژە حکومەت دەستپێکردووە و دروشمەکانی ئەو خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەیان زیندوو کردووەتەوە لە مانگی کانوونی دووەم گەیشتە لووتکە.
 
هەفتەی رابردوو، ترەمپ رایگەیاند، ئەگەر ئێران نەگاتە رێککەوتن بیر لە هێرشێکی سنووردار دەکاتەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەر هێرشێک تەنانەت ئەگەر سنوورداریش بێت "وەک کردەوەیەکی دووژمنکارانە هەژمار دەکرێت".
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "هەر دەوڵەتێک بە تووندی وەڵامی کردەوەیەکی دووژمنکارانە دەداتەوە، بۆیە ئێمەش هەر ئەوە دەکەین."
 
ئێران رایگەیاندووە، لە رۆژانی داهاتوودا ئامادە دەبێت رەشنووسی پێشنیازێک بۆ رێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی رادەستی نێوەندگیرەکان بکات. ترەمپ رۆژی پێنجشەممە رایگەیاندبوو کە تاران ئەوپەڕی 15 رۆژی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بگاتە رێککەوتنێک.
 
ئێران پێداگری دەکات کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا پێیانوایە ئامانج لێی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمییە.
 
لە کاتێکدا ئێران دەڵێت تەنیا گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی دەکات نەک مووشەک و بابەتەکانی دیکە، بەڵام واشنتن دەیەوێت باسی مووشەکە بالیستییەکانی تاران و پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەش بکات.
 
هەردوو وڵات هەفتەی رابردوو لە سویسرا بە نێوەندگیریی عومان، گەڕی دووەمی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانیان تەواو کرد.
 
چارەسەری دیپلۆماسی 
 
کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان "پەنجەرەی نوێی دەرفەتە"، بەڵام هۆشداری دا لە مەترسیی ململانێیەکی ناوچەیی ئەگەر هێرش بکرێتە سەر وڵاتەکەی.
 
غەریبئابادی گوتی: "لێکەوتی هەر دەستدرێژییەکی نوێ تەنیا لە یەک وڵاتدا قەتیس نابێت و بەرپرسیارێتییەکەشی دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی دەستپێشخەری دەکەن یان پاڵپشتی لەو جۆرە کردەوانە دەکەن."
 
مەترسیی پێکدادانەکان بووەتە هۆی زیادبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لە ئێران و وای لە وڵاتانی دیکەش کردووە رێوشوێنی خۆپارێزی بگرنەبەر.
 
رۆژی دووشەممە، هیندستان چووە پاڵ سوید، سربیا، پۆڵەندا و ئوسترالیا و داوای لە هاووڵاتییانی کرد ئێران جێبهێڵن.
 
لە لایەکی دیکەوە، ئەمریکا فەرمانی بە کارمەندە ناپێویستەکانی کرد کە باڵیۆزخانەکەی لە لوبنان جێبهێڵن، کە مەڵبەندی حیزبوڵڵای شیعەیە و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئێراندا هەیە.
 
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز کە کۆتایی هەفتە پەخشکرا، ویتکۆف گوتی کە ترەمپ سەری سوڕماوە لەوەی بۆچی ئێران لە بەرامبەر هەڕەشە سەربازییەکانی واشنتن و کۆکردنەوەی هێزەکانیدا "خۆی بەدەستەوە نەداوە".
 
رۆژی دووشەممە بەقایی لە وەڵامدا رایگەیاند کە ئێرانییەکان لە هیچ قۆناخێکی مێژوویاندا تەسلیم نەبوون.
 
چین هۆشداری بە واشنتن داوە لە هەڵگیرساندنی ململانێی نوێ.
 
رۆژی دووشەممە، لە کۆنفرانسێکی داماڵینی چەک لە جنێڤ، شێن جیان، باڵیۆزی چین گوتی: "ئێمە دژی ملپێکەچکردنی تاکلایەنانە و بەکارهێنانی هێزین لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا."
 
سووتاندنی ئاڵاکان 
 
ئەو خۆپێشاندانانەی لە مانگی کانوونی یەکەمدا بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە لەو وڵاتە گەمارۆدراوەدا سەریان هەڵدا، بوونە گەورەترین ئاڵنگاری بۆ دەسەڵاتداران.
 
لە 8 و 9ی کانوونی دووەمدا کە خۆپێشاندانەکان گەیشتنە لووتکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە توندوتیژی سەرکوتکران کە بووە هۆی کوژرانی هەزاران کەس. ئاژانسی هەواڵی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ (HRANA) کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، کوژرانی زیاتر لە حەوت هەزار کەسی تۆمار کردووە، هاوکات هۆشداریش دەدات کە رەنگە ئامارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت.
 
دەسەڵاتدارانی ئێران دان بە کوژرانی زیاتر لە 3 هەزار کەسدا دەنێن، بەڵام دەڵێن تووندوتیژییەکان بەهۆی "کردەوەی تیرۆریستی"یەوە بوون کە ئەمریکا و ئیسرائیل پاڵپشتییان کردووە.
 
کۆتایی هەفتە جارێکی دیکە خۆپێشاندانەکان لە زانکۆکاندا سەریان هەڵدایەوە.
 
لە چەند ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت کە خوێندکارانی زانکۆیەک لە تاران ئاڵای ئێران دەسوتێنن - کە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979 و رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی پەسەند کرا - و دروشمی "مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی" دەڵێنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چارڵز کوشنەر، باڵیۆزی ئەمریکا بۆ فەرەنسا

پاریس دەرگای وەزارەتەکانی بە رووی باڵیۆزی ئەمریکادا داخست

حکومەتی فەرەنسا بڕیاریدا رێگە بە چارڵز کوشنەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە پاریس نەدات سەردانی وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکان بکات؛ ئەمەش دوای ئەوەی باڵیۆزەکە ئامادەنەبوو بچێتە وەزارەتی دەرەوە بۆ روونکردنەوە لەسەر لێدوانەکانی سەبارەت بە کوژرانی چالاکڤانێکی فەرەنسی.