رووداو دیجیتاڵ
نەواز شەریف، سەرۆکی پارتی یەکێتیی موسڵمانانی پاکستان، بانگەشەی بەدەستهێنانی زۆرترینی دەنگەکان دەکات لە هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا کە دوێنێ پێنجشەممە بەڕێوەچوو.
بانگەشەکەی نەواز شەریف وەکو دەنگی پارتەکەیەتی، ئەگەرنا بەربژێرە سەربەخۆکان دەنگی زیاتریان هێناوە کە زۆربەیان لە عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشوو نزیکن.
تاوەکو ئێستا و بەگوێرەی دەنگە جیاکراوەکان، پارتەکەی نەواز شەریف 59 کورسی و کاندیدە سەربەخۆکان 86 کورسیان لەکۆی 266 کورسی بەدەستهێناوە.
دەگوترێت لەو 86 کاندیدە سەربەخۆیە، لانیکەم 71یان پشتیوانی عیمران خان دەکەن، لەکاتێکدا خان ئێستا بە کۆمەڵێک تۆمەتی جۆراوجۆر لە زینداندایە.
نەواز شەریف کەمێک لەمەوبەر قسەی بۆ لایەنگرانی پارتەکەی کرد و گوتی، "داوا لە براوەکان دەکەم بێن لەگەڵمان دابنیشن"، هەروەها گوتی، "دەتوانم پاکستان لەم کاتە سەختە رزگار بکەم".
هەر لایەن و هاوپەیمانییەک بیەوێت حکومەت پێکبهێنێت، دەبێ 133 کورسی مسۆگەر بکات.
دوێنی پێنجشەممە ملیۆنان هاووڵاتی پاکستانی چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان لە پەرلەمان. هەرچەندە عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان مافی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکە نەبوو، بەڵام بەربژێرە سەربەخۆکانی نزیک لە عیمران خان بەشێک لە کورسییەکانی پەرلەمانیان بردەوە.
نەواز شەریف لە ساڵی 2018 بە تۆمەتی گەندەڵی سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام لە ساڵی 2019، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رێگەی پێدرا، بچێتە لەندەن و بۆ ماوەی چوار ساڵ لە بەریتانیا مایەوە.
پار، بەپێی بڕیارێکی تایبەتی دادگەی باڵای پاکستان، رێگەدرا شەریف بگەڕێتەوە بۆ پاکستان. ئەمەش لەکاتێکدایە سەرۆکوەزیرانی پێشووتری پاکستان، عیمران خان، سەرۆکی پارتی تەحریک ئینساف، بە تۆمەتی گەندەڵی و ئاشکراکردنی زانیارییە نهێنییەکانی دەوڵەت سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی پاکستانیش بەفەرمی خانی لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان دوورخستەوە.
بەگوێرەی پارێزەری عیمران، سەرۆکوەزیرانی پاکستان هێشتا 170 تۆمەتی لەسەرە تاوەکو ناوی خۆی پاکبکاتەوە و ئازاد بکرێت.
هەرچەند پارتی ئینساف تەحریکی پاکستان وەک گەورەترین پارتی پاکستان سەیر دەکرێت و لەلایەن عیمران خانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، مافی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەی نەبوو، بەڵام چاودێران پێیانوایە کە بەربژێرە سەربەخۆکانی نزیک لە پارتەکە دەتوانن بەشێکی زۆری دەنگەکانی هەڵبژاردنەکە ببەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ