رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی فینلاند داوا دەکات چیدیکە بەئاسانی رێگە نەدرێت کەسێک کە پاسپۆرتی وڵاتێکی دیکەی هەبێ، پاسپۆرتی فینلاندیش وەربگرێ.
ئانتی هێککێن، وەزیری بەرگریی فینلاند داوای لە حکومەتەکەی کردووە پێدانی وڵاتینامە (یان پاسپۆرت) بەوانەی لە فینلاند دەژین و پاسپۆرتی وڵاتێکی دیکەیان هەیە قورستر بکرێ.
وەزیرەکە پێیوایە پێویستە یاسای هاووڵاتیبوون لە فینلاند وا دەستکاری بکرێ کە تەنیا ئەو وڵاتانەی رێگە دەدەن هاووڵاتیانیان دوو پاسپۆرتیان هەبێت، بۆیان هەبێ هاووڵاتیانیان لە فینلاندیش داوای پاسپۆرتی دووەم (واتە فینلاندی) بکەن.
هەرچەندە ئامانجی وەزیرەکە هاووڵاتیانی رووسیایە کە پاسپۆرتە رووسییەکانیان دەپارێزن و دەیانەوێ ببنە هاووڵاتیی فینلاندیش، بەڵام گۆڕانکارییەکی وا لە یاسای فینلاندیدا کوردی دیاسپۆرانشینی ئەوێش دەگرێتەوە. بۆنموونە ئەگەر کەسێک لە باکوور یان رۆژئاوای کوردستانەوە چووبێتە فینلاند و داوای پاسپۆرتی ئەوێ بکات، هیچ کێشەیەکی بۆ دروستنابێ، چونکە تورکیا و سووریا کێشەی یاساییان لەگەڵ پاسپۆرتی دووەمدا نییە. بەڵام هاووڵاتییانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان کێشەی یاساییان بۆ دروستدەبێ، چونکە هەردوو دەوڵەتی ئێران و عێراق وەک تورکیا و سووریا نەرم نین لە رێگەدان بە هاووڵاتیانیان بەوەی پاسپۆرتێکی دیکە وەربگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ