رووداو دیجیتاڵ
'با ئەورووپا مەزن بکەینەوە'، بە هەمان درووشمەکەی ترەمپ بە مۆرکی ئەورووپا، لووتکەی پارتە راستڕۆکانی کیشوەرە پیرەکە بە سەرۆکایەتیی پارتی راستڕۆی 'ڤۆکس' لە مەدریدی ئیسپانیا بەڕێوەچوو.
سانتیاگۆ ئاباسکال، سەرۆکی پارتی ڤۆکس دەڵێت: "خۆشەویستیمان بۆ وڵاتمان، بنەمای یەکگرتوویی ئێمەیە. بەرگریکردن لە سنوورەکانمان خاڵی هاوبەشمانە".
پارتی ڤۆکس لە دەسەڵات نییە، بەڵام راپرسییەکان باس لەوە دەکەن براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی 23ی تەممووزی ئەم ساڵ دەبێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بهێندرێت کە سەر بە پارتی کرێکارانی سۆشیالیستە.
ماری لوپێن، سەر بە پارتی گردبوونەوەی نیشتمانیی راستڕۆی فەرەنسا، بەشداربوویەکی سەرەکی لووتکەکە بوو.
خاوەن 126 کورسیی نێو پەرلەمانە، 577 کورسییەکەی فەرەنسایە؛ لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کە لە هاوینی پار بەڕێوەچوو، بە 33٪ی دەنگەکان لە پلەی یەکەم هات، پارتەکەی ماکرۆن لە پلەی سێیەمدا گیرسایەوە. پاراستنی ناسنامەی فەرەنسا و داخستنی سنوور بە رووی کۆچبەران، دوو بەڵێنی گەورەی پارتەکەن.
ماری لوپێن دەڵێت: "ئەوانەی کە لە برۆکسلن نوێنەرایەتی دامەزراوەیەکی بێ کەڵک دەکەن. پرسی کۆچبەران لە دەست دەرچووە و پارەی گەنجینەی وڵاتمانی نەهێشتووە".
خیرت ڤیڵدەرز، سەرۆکی پارتیی بۆ ئازادی راستڕۆی هۆڵەندا، یەکەمی هەڵبژاردنە گشتییەکەی 2023 بوو؛ دژایەتیکردنی ئیسلام و کۆچبەران، سەکۆی سەرەکی کۆکردنەوەی لایەنگرانیەتی.
خیرت ڤیڵدەرز، سەرۆکی پارتی بۆ ئازادی-هۆڵەندا دەڵێت: "بینینی سەرکەوتنی ترەمپ شتێکی نایابە. بە گەڕانەوەی ترەمپ هیوای کۆتاییهاتنی پارتە چەپەکان و راگرتنی شەپۆلی کۆچبەران، گەورەتر بووە".
ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، سەرۆکی پارتی فیدێزی راستڕۆیە، لە 2010یەوە لە دەسەڵاتە و براوەی نزیکەی 50٪ی دەنگی هەڵبژاردنەکەی 2022ـە، دژە کۆچبەر و نەیاری سەرسەختی یەکێتیی ئەورووپایە.
پارتە راستڕۆکان خۆیان لە هاوپەیمانییەتی "نیشتمانپەروەران لە پێناو ئەورووپا" کۆبوونەتەوە و بە 86 کورسی لە کۆی 720 کورسییەکەی پەرلەمان، سێیەم گەورەترین هاوپەیمانییەتی پێکدەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ