ترمپ: دەمەوێت لەگەڵ ئێران لەسەر داماڵینی ئەتۆم رێکبکەوم

09-02-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دەیەوێت سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە رێکبکەوێت، بۆ ئەوەی رێگری لە ئیسرائیل بکات نێوەندە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بۆردوومان بکات. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "دەمەوێت رێککەوتن بکەم لەسەر داماڵینی ئێران لە ئەتۆم. ئەوەم پێباشترە لە بۆردوومانکردنیان (پێگە ئەتۆمییەکانیان)". دەشڵێت، "ئەوان نایانەوێت بمرن و کەس نایەوێت بمرێت". 
 
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، "ئەگەر رێککەوتنیان لەگەڵ بکەین، ئەوا ئیسرائیل بۆردوومانیان ناکات". سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئێران بەوە رازی نەبێت، ئەوا سوپای وڵاتەکەشی هێرشدەکاتە سەر ئێران. 
 
دوێنێ، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە گوتارێکدا لە پێشانگەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران لە تاران رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا نامەیەکی بۆ وڵاتکەی ناردووە و گوتی، "تەماشا بکەن ترەمپ چی نووسیوە: پرسەکە ئیدی ئەتۆمی نییە،" بەڵکو پرسەکە پەیوەندیی بە بەرنامەی "مووشەکی، چەکی ناهاوسەنگ و نائاسایی،" ئێرانەوە هەیە. قالیباف دەشڵێت: "ئەمە واتە لەچەکداماڵینی کۆماری ئیسلامیی ئێران."
 
ترەمپ لە ئیدارەی یەکەمیدا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ـی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە، کە ئامانج لێی سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بوو، لە کاردانەوەی ئەوەدا، ئێران قۆناخ بە قۆناخ دەستبەرداری پابەندییەکانی بوو و پوختەکردنی یۆرانیۆمی لە ئاستی کەرەستەی چەکی ئەتۆمی نزیککردەوە. 
 
دانوستاندنەکان لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن بۆ چالاککردنەوەی رێککەوتنەکە، هیچی لێ سەوز نەبوو. 
 
4ـی ئەم مانگە، ترەمپ دووبارە سزای "ئەو پەڕی گوشار"ـی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە و داوای لێکرد دەستبەرداری بەرنامەی ئەتۆمی بێت و لە دانوستاندندا بەشدار بێت بۆ ئەوەی "ئێرانێکی خۆشگوزەران" دروستبێت. 
 
قالیباف لەبارەی ئەو نامەیەی گوایە ترەمپ بۆ تارانی ناردووە، دەڵێت: "ئەم کەسە هاتووە پێشوەختە و تاکلایەنانە دەقێکی نووسیوە، هێشتا دەڵێت حەزناکەم ئەمانە جێبەجێ بکەم، بەڵام خۆتان وەرن و بە خواستی خۆتان قبووڵی بکەن،" قالیباف روو لە ترەمپ دەڵێت: "دیارە تۆ باسی ریسواکردنمان دەکەی."
 
هەر لە رۆژی شەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، لەژێر سزاکاندا "هەرگیز لە پێگەی لاوازەوە ناچینە نێو دانوستاندن،" ئاماژەی بەوەشکرد، "خەڵکی ئێران بەوپەڕی بەرخودانەوە رووبەڕووی سزای ئەوپەڕی گوشار دەبنەوە" و سزاکان "پووچەڵ دەکەنەوە". 
 
هەروەها رۆژێک پێشتر، عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران گوتی، دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا "ژیرانە، دانایانە و شکۆمەندانە نییە."
 
تاران بە درێژایی چەندین مانگی رابردوو ئاماژەی بەوە دەکرد، ئامادەی گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی دانوستاندن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کە بە گوتەی خۆی، تەنیا بۆ دروستکردنی وزەیە، بەڵام قسەکانی عەلی خامنەیی کۆتاییان بەو ئاماژانە هێنا. 
 
دیارنییە دوای ئەمە چی روودەدات، بە تایبەتی کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ریفۆرمخوازی ئێران لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، باسی لە نزیکبوونەوە لە رۆژئاوا و دانوستاندن دەکرد. 
 
ئەم قسانەی لە تارانەوە دێن، هەموویان پێچەوانەی قسەکانی مانگی ئابی پاری خامنەیین کە باسی لەوە دەکرد، دەرگەی دانوستاندنیان کراوەیە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە