جیهان
هێزێکی سەر بە وەزارەتی بەرگری لە ژاپۆن بەفری سەر بینایەک رادەماڵن. وێنە: Japan's Ministry of Defense
رووداو دیجیتاڵ
هەفتەیەکی پڕ لە کارەساتی سرووشتی و گۆڕانکاریی تووندی کەشوهەوا، سێ کیشوەری جیهانی گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستا بەو هۆیەوە لانیکەم 50 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ژاپۆن رووبەڕووی شەپۆلێکی مێژوویی سەرما و بەفر بووەتەوە و تەنیا لە هەفتەیەکدا 35 کەس گیانیان لەدەستداوە. زۆربەی قوربانییەکان کەسانی بەتەمەن بوون و بەشێکیان لەکاتی هەوڵدان بۆ لابردنی بەفری سەربانی ماڵەکانیان کەوتوونەتە خوارەوە.
لە هەندێک ناوچەی باکووری ژاپۆن، ئاستی بەفر بە جۆرێکە کە هەموو جۆرە هاتووچۆیەکی پەکخستووە و گوندە دوورەدەستەکانیشی دابڕیوە.
هاوکات لە فلیپین، لایەنە پەیوەندیدارەکان گیانلەدەستدانی 4 کەسیان پشتڕاستکردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی زریانی (باسینانگ) بووە هۆی دروستبوونی لافاو و رۆچوونی زەوی لە دوورگەکانی باشووری ئەو وڵاتە.
ئەورووپاش لەنێوان سەرمایەکی تووندی باکوور و زریانێکی بەهێزی باشووردا گیری خواردووە. زریانی (لیۆناردۆ) لە ئیسپانیا و پورتوگال وایکردووە حکومەت باری نائاسایی رابگەیەنێت.
ئەم زریانە تائێستا دوو کەسی کوشتووە؛ یەکێکیان لە پۆرتوگال ئۆتۆمبێلەکەی لافاو بردی و ئەوی دیکەشیان لە باشووری ئیسپانیا گیانی لەدەستدا. جگە لەمانە، لە شاری مەلەگای ئیسپانیاش هێشتا بەدوای کچێکدا دەگەڕێن کە لافاو بردوویەتی و بێسەروشوێنە.
هێزەکانی بەرگریی شارستانی لە پۆرتوگال زیاتر لە 26 هەزار کارمەندیان خستووەتە ئامادەییەوە، چونکە پێشبینی دەکرێ زریانێکی دیکە بە ناوی (مارتا) لە کەناراوەکانی وڵاتەکە بدات.
لە زنجیرەچیاکانی تاترا لە سلۆڤاکیاش هەرەسێکی بەفر بووەهۆی گیانلەدەستدانی دوو شاخەوانی هەنگاری کە تەمەنیان 37 و 38 ساڵ بوو.
لە باکووری ئەورووپا و وڵاتانی سەر دەریای بەڵتیک، شەپۆلێکی سەرمای زۆر تووند دەستی پێکردووە کە خەڵکی ئەوێ ناویان ناوە (دڕندەی رۆژهەڵات). تەنیا لە وڵاتی لیتوانیا، سێ کەس لەبەر سەرما رەقبوونەتەوە و گیانیان لەدەستداوە.
کەشناسان پێشبینی دەکەن لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا، شەپۆلێکی سەرمای زۆر تووندتر نێوەڕاستی ئەورووپا و سیبیریا بگرێتەوە.
لە باکووری ئەفریقاش لە مەغریب، لافاوێک بەهۆی زریانی (مارتا)وە دروستبوو، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 4 کەس، کە سێیان منداڵ بوون و تەمەنیان لە نێوان 2 بۆ 14 ساڵیدا بوو، جگە لەوەی کەسێکی دیکەش بێسەروشوێنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ