رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر داوای حکومەتی ئێران بڕیاریداوە بۆ ماوەی 10 رۆژ هێرشکردنە سەر وێستگەکانی وزەی ئەو وڵاتە دوابخات و جەختیش دەکاتەوە کە دانوستانەکان "زۆر بە باشی" بەڕێوەدەچن.
شەوی پێنجشەممە، 26-03-2026، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "لەسەر داوای حکومەتی ئێران، ئەم راگەیێندراوە با وەک بەڵگەیەک بێت بۆ ئەوەی کە من وێرانکردنی وێستگەکانی وزە بۆ ماوەی 10 رۆژ رادەگرم."
بەپێی گوتەی ترەمپ، ئەم مۆڵەتە تاوەکو رۆژی دووشەممە، 6ـی نیسانی 2026، کاژێر 08:00ـی شەو بە کاتی رۆژهەڵات بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە بنبەستی دانوستانەکان دەکەن، سەرۆکی ئەمریکا هێرشی کردە سەر میدیاکان و نووسیویەتی: "گفتوگۆکان بەردەوامن و سەرەڕای لێدوانە هەڵەکانی میدیا چەواشەکارەکان و لایەنەکانی دیکە، دانوستانەکان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن."
دەقی پەیامەکەی ترەمپ:
لەسەر داوای حکومەتی ئێران، تکایە با ئەم لێدوانە گوزارشت لەوە بکات کە من قۆناخی وێرانکردنی وێستگەکانی وزە بۆ ماوەی 10 رۆژ رادەگرم تاوەکو رۆژی دووشەممە، 6ی نیسانی 2026، کاژێر 08:00ی ئێوارە بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا. گفتوگۆکان بەردەوامن و زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن، سەرەڕای لێدوانە پێچەوانەکانی میدیا چەواشەکارەکان و لایەنەکانی دیکە. سوپاس بۆ سەرنجدانتان بۆ ئەم بابەتە!
سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ