ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو: ئێران شادەماری ئابووریی جیهانی کردووەتە ئامانج و بێدەنگ نابین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەبەرد حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو رایگەیاند، هێرشە نیشانەشکێنەکانی ئێران بۆ سەر کەرتی نەوت و غازی وڵاتانی ناوچەکە، تەنیا لێدان نییە لە کەنداو، بەڵکو "دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر شادەماری  ئابووریی هەموو جیهان."
 
جاسم ئەلبەدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو (GCC) لە گوتاریێکدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو دوایین ئاماری زیانەکانی هێرشەکانی ئێرانی ئاشکرا کرد و جەختی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی کەنداو رێگەیان نەداوە خاکەکەیان دژی ئێران بەکاربهێنرێت، بەڵام تاران بە "مووشەکی غەدر" وەڵامی داونەتەوە.
 
 بەپێی قسەکانی ئەو بەرپرسەی کەنداو، زیانەکانی وڵاتانی کەنداو بەمشێوەیەیە و پشکی شێری هێرشەکانی ئێرانیان بەرکەوتووە 
 
• ئامانجی مووشەکەکان: 85%ی مووشەکەکانی ئێران ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کراون.
• زیانی قەتەر: پەککەوتنی بەرهەمهێنانی 12.8 ملیۆن تۆن گازی سروشتی ساڵانە و زیانی 20 ملیار دۆلار.
• زیانی سعودیە: هێرش کراوەتە سەر "راس تەنورە" کە گەورەترین ناوەندی پاڵاوتن و هەناردەی نەوتە لە جیهاندا.
• پشتگیریی نێودەوڵەتی: 136 دەوڵەت پشتگیرییان لە بڕیاری سەرکۆنەکردنی ئێران کردووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
• هەڵوێستی کەنداو: رێگەیان نەداوە و نادەن خاکەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت.
 
دەقی قسەکانی جاسم ئەلبەدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو 
 
هێرشەکانی ئێران پێشێلکردنی راشکاوی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ یاسای دەریاکان. پێشتریش چەندین جار کردەوەی رفاندنی کەشتییەکان بۆ ناو ئاوەکانی ئێران لە ساڵانی رابردوودا دووبارە بوونەتەوە، یان لە ڕێگەی بە ئامانجگرتنیان لە دەریای سوور لە لایەن بریکار و باڵەکانیان لە ناوچەکەدا. دەبێت دەنگی وڵاتانی جیهان بیستراو بێت تاوەکو دەگاتە بەرپرسانی ئێران؛ نابێت ئەم کارانە بەبێ لێپرسینەوە تێپەڕ بن، چونکە ئەمە بەرپرسیارێتییەکی نێودەوڵەتییە.
 
زیانەکانی راگرتنی گەشتی دەریایی تەنیا لە سنووری وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداودا ناوەستێت، بەڵکو تێپەڕیوە و گەیشتووەتە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کە ئێستا بەدەست کەمیی پێداویستییەکانیان لە نەوت و گاز دەناڵێنن. رێڕەوە دەریاییەکان و تەنگەکان بەپێی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە دەبرێن و هیچ لایەنێک بۆی نییە هاتوچۆی دەریایی تێیاندا پەکبخات و کۆنتڕۆڵی ئەوە بکات کێ تێپەڕ دەبێت و مەرج بۆ تێپەڕبوون دابنێت؛ ئەمە کارێکی رەتکراوەیە و دەبێت رابگیرێت.
 
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لەسەر هێرشکردنە سەر ئێران؛ وڵاتانی ئەنجوومەن بە لێدانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تووشی سەرسوڕمان بوون. هەڵوێستی خۆیان بە روونی ڕاگەیاند کە بەشداری هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نابن و رێگەش نادەن خاکەکەیان بۆ دەستپێکردنی هیچ هێرشێکی سەربازی دژی ئێران بەکاربهێنرێت و نابنە لایەن لە هیچ شەڕێک دژی ئەو وڵاتە؛ پابەندی ئەمەش بوون و لایەنی ئێرانییان لەم هەڵوێستە ئاگادار کردووەتەوە. بەڵام ئەم هەڵوێستە رێگری نەکرد لەوەی ئێران هێرشی ستەمکارانە بکاتە سەر وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو.
 
وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو بەرزترین ئاستی دانبەخۆداگرتنیان پێشانداوە داوە و بڕیاریاندا وەڵامی ئەو هێرشانە نەدەنەوە تاوەکو بازنەی ململانێکان فراوان نەبێت، بەو هیوایەی ئێران بێتەوە سەر هۆشی خۆی و ئەو هێرشانە رابگرێت. هەمووان دەزانن کە وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری لە ساڵانی رابردوودا بە هەموو جددییەت و پرۆفیشناڵییەت و دیپلۆماسییەت و شەفافییەتێکەوە کاریان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا کردووە.
 
وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی سەقامگیری بوون و ڕۆڵێکی پۆزەتیڤیان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست و هاوپەیمان و هاوبەشەکان گێڕاوە. ئێمە نێوەندگیر بووین لە زۆرێک لە ئاشتبوونەوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا، هاوبەشێکی جێی متمانەین لە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان و دابینکاری سەرچاوەکانی وزەین وەکو نەوت و غاز، کە شادەماری ئابووریی جیهانن.
 
لێرەدا دەمەوێت بە هەڵوێستی ئەنجوومەنەکەمان ئاماژە بکەم، کاتێک لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا ئێران رووبەڕووی هێرشێکی ئیسرائیلی بووەوە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کردە ئامانج؛ ئەو کات لە ئەنجوومەنی هاریکاری کۆبوونەوەیەکی نائاساییمان لەسەر ئاستی وەزاری کرد و تێیدا وڵاتانی ئەنجوومەن ئەو هێرشەی ئیسرائیلیان ئیدانە کرد کە سەروەریی ئێرانی پێشێل کردبوو. داوامان کرد دیپلۆماسییەت و گفتوگۆ بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان بگیرێتەبەر و دوورکەوتنەوە لە لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، چونکە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و ژینگە هەیە و بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دادەنرێت.
 
دەمەوێت لێرەدا چەند نموونەیەک بخەمە روو کە نیازپاکی وڵاتانی ئەنجوومەن بەرامبەر بە ئێران دەسەلمێنن:
 
• نموونەی یەکەم: ئەو نامەیەی لە لایەن سەرکردەکانی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکارییەوە لە ساڵی 2016 ئاراستەی سەرۆکی ئێران کرا سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان.
 
• نموونەی دووەم: دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان شانشینی عەرەبی سعودیە و ئێران بە نێوەندگیریی چین لە پەکین لە ساڵی 2023، کە هەموو وڵاتانی ئەنجوومەن پیرۆزباییان لێکرد و بە هەنگاوێک بەرەو سەقامگیریی ناوچەکەیان دانا.
 
• نموونەی سێیەم: ئەو رۆڵە دیپلۆماسییەی سەڵتەنەتی عومان گێڕای و میوانداریی گفتوگۆکانی لە مەسقەت و چەند پایتەختێکی ئەوروپی کرد بۆ ئاسانکاریی گفتوگۆی نێوان لایەنی ئێرانی و ئەمریکی، کە ئەم هەوڵانە لە لایەن هەموو وڵاتانی ئەنجوومەن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتگیری کران.
 
• نموونەی چوارەم: ئەو کۆبوونەوەیەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری و وەزیری دەرەوەی ئێرانی لە دەوحە لە تشرینی یەکەمی 2024 کۆکردەوە، کە تێیدا پەیامی روون سەبارەت بە ئاشتی و ئاسایش گەیەندرا و جەخت لەسەر ئارەزووی وڵاتانی کەنداو بۆ دروستکردنی پەیوەندیی ئاسایی لەگەڵ ئێران کرایەوە.
 
ئێمە لایەنی ئێرانییمان لەم خاڵانە ئاگادار کردەوە:
 
1- ئارەزووی بونیادنانی پەیوەندیی دۆستانە لەسەر بنەمای رێزی یەکدی.
 
2- دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ.
 
3- وازهێنان لە تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە.
 
4- ئارەزووی راستەقینە بۆ هاوکاری لە بوارە ئابووری و بازرگانییەکاندا.
 
ئێمە لەو کۆبوونەوانە و پەیوەندییەکانماندا راشکاو و روون بووین، دڵنیاییمان پێ دان و بە ژیرانە رەفتارمان کرد وەک هاوبەشێک کە ئاشتی دەوێت، کەچی لە بەرانبەردا مووشەکی ئێرانییمان بۆ هات. ئەم شێوازە دووبارەبووەوە لە چەواشەکاری و نەبوونی متمانە، هەموو پاساوێک کە ئێران بۆ دەستدرێژییەکانی دەیهێنێتەوە، دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
 
هێرشەکانی ئێران پێشێلکارییەکی راشکاوی ماددەی دووەمی بڕگەی چوارەمی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە بەکارهێنانی هێز یان هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دژی سەروەریی خاکی دەوڵەتان قەدەغە دەکات. وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری مافی بەرگریی شەرعی لەخۆگرتنیان هەیە کە لە ماددەی 51ی میساقەکەدا چەسپێنراوە.
 
کۆدەنگیی 136 دەوڵەت لە پشتی بڕیاری ژمارە 2817ـی ئەنجوومەنی ئاسایش، کە ئێمە پێشکەشمان کرد، لە مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بێوێنەیە. ئەم کۆدەنگییە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئێران بەرپرسیارە لە هەڵگیرسانی ئاگری گرژییەکان لە کەنداوی عەرەبی و دەبێت دەستبەجێ هێرشە بێ پاساوەکانی رابگرێت.
 
پەسندکردنی پڕۆژەبڕیاری لێکەوتەکانی دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئێران لە لایەن ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤەوە بە کۆدەنگی، کە لە لایەن شانشینی بەحرەینەوە بەناوی ئەنجوومەنی هاریکاری و شانشینی ئوردنی هاشمییەوە پێشکەش کرابوو و پشتگیرییەکی فراوان و بێوێنەی پتر لە سەد دەوڵەتی گرووپە جیاوازە هەرێمییەکانی بەدەستهێنا.
 
ئاسایشی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو یەکەیەکی دانەبڕاوە؛ هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر دەوڵەتێک، وەک دەستدرێژی بۆ سەر هەموومانە بەپێی ئەوەی رێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری دەقی لەسەر کردووە، بۆیە ئێمە بە یەکگرتوویی لە بەرانبەر هەر دەستدرێژییەک کە رووبەڕووی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری ببێتەوە، دەوەستین.
 
بەرپرسیارێتیی هەموو جیهانە هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە وەربگرێت بەرانبەر هەر کەسێک یاری بە ئاسایشی رێڕەوە دەریاییەکان و ئازادیی گەشتی دەریایی لە تەنگە ئاوییەکاندا بکات، لەوانەش بە ئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان و هەڕەشەکردن لە هێڵەکانی گەشتی دەریایی و بازرگانیی نێودەوڵەتی و دامەزراوە نەوتییەکان لە وڵاتانی ئەنجوومەن و ناوچەکەدا.
 
لێکەوتە ئابوورییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی؛ یەکەم: وزە و ئابووریی جیهانی. تەنگەی هورمز ئەمڕۆ جێی نیگەرانییە، لێکەوتە ساتییەکانی رەنگە بۆ ماوەیەک بە بەرزبوونەوەی نرخی وزە سنووردار دەربکەون، بەڵام لێکەوتە کەڵەکەبووەکانی سەر ئابووریی جیهان و بازاڕەکانی وزە و دڵنیایی دەریایی و فڕینی مەدەنی و لێکەوتە کارەساتبارەکانی لەسەر ئابووریی جیهان بەم زووانە دەردەکەون؛ ئەوەی لە تەنگەی هورمزدا روودەدات، تەنیا لەناو تەنگەی هورمزدا نامێنێتەوە.
 
ئەو بە ئامانجگرتنە سیستماتیکەی ئێران بۆ دامەزراوەکانی نەوت و غاز لە وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری ئەنجامی دەدات، تەنیا کردەوەیەکی سەربازیی کاتی نییە، بەڵکو دەستدرێژییەکی راشکاوە بۆ سەر هەموو شریانی ئابووریی جیهان، چونکە لێدانەکان ئەم شوێنانەی گرتووەتەوە:
 
1- پاڵاوگەی ڕەئس تەنورە لە شانشینی عەرەبی سعودیە، کە یەکێکە لە گەورەترین دامەزراوەکانی پاڵاوتن و هەناردەکردن لە جیهاندا، هەروەها دامەزراوە نەوتییەکانی ئەلخەرج و کێڵگەی شەیبە لە روبعولخالی و پاڵاوگەی سامرێف و بەندەری یەنبوع و پاڵاوگەی باشووری ریاز.
 
2- شاری پیشەسازیی رەئس لافان لە قەتەر، کە گەورەترین ناوەندی بەرهەمهێنان و هەناردەی غازی سروشتیی شلکراوە لە جیهاندا، کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی مسەعید، کە بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی 12.8 ملیۆن تۆن غاز ساڵانە پەکی کەوتووە بۆ ماوەیەک کە ڕەنگە 3 تا 5 ساڵ بخایەنێت و زیانەکانی بە 20 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا دەخەملێندرێن.
 
3- دامەزراوەی حەبشان بۆ غاز و کێڵگەی نەوتی باب لە ئیمارات، سەرەڕای پاڵاوگەی روەیس.
 
4- لە کوێت، پاڵاوگەی بەندەری ئەحمەدی کە یەکێکە لە گرنگترین پاڵاوگەکانی ناوچەکە.
 
5- لە  عومان، لێدانەکان گەیشتنە بەندەری سەڵاڵەی ستراتیژی و نەوتهەڵگرەکان لە نزیک تەنگەی هورمز و بەندەری دوقم کرانە ئامانج.
 
6- شانشینی بەحرەین، کۆگاکانی سووتەمەنی و پاڵاوگەی پاڵاوتنی نەوت کرانە ئامانج کە ئاگری گەورەیان تێدا کەوتەوە.
ئەم پەرەسەندنە سیستماتیکە رەنگدانەوەی دەستبەجێی لەسەر بازاڕە نێودەوڵەتییەکان هەبووە، بەو پێیەی نرخی نەوت بە شێوەیەکی توند بەرزبووەوە، هاوکات تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی دەریایی بە رێژەیەکی بێپێشینە هەڵکشا و ئێستا تەنگەی هورمز لەژێر باری نیمچە وەستانی هاتوچۆی دەریاییدایە.
 
دووەم: زنجیرەکانی دابینکردنی زیندوو. رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتییەکی نێودەوڵەتیی هاوبەشن؛ ئەوەی ئەمڕۆ هەڕەشەی لێ دەکرێت تەنیا وزە نییە، بەڵکو زنجیرەکانی دابینکردنی دەرمان و خۆراک و سەلامەتیی کێبڵە دەریاییەکان دەگرێتەوە کە ئینتەرنێت دەگوازنەوە و ئابووریی دیجیتاڵی بەڕێوە دەبەن؛ ئەمە بەرپرسیارێتییەکە هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە.
پەیامی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری: وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری تەنیا بژارەی دیپلۆماسی و چارەسەری سیاسییان دەوێت؛ ئەمە ئامانجی یەکەم و کۆتاییمانە. دەمانەوێت رێڕەوێکی گفتوگۆی راستەقینە ببینین کە ببێتە هۆی راگرتنی ئەم هێرشانە و بونیادنانی رێککاری ئەمنی هەرێمیی بەردەوام.
 
یاسای نێودەوڵەتی ماف بە هەمووان دەدات کە ئەو ئامرازانەی لەبەردەستیاندایە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکاربهێنن، چەندین ماددە و بڕگەی زۆر لەو میساقەدا هەن کە بژارەی جۆراوجۆر دەدەنە دەوڵەتان؛ ئێمە خەریکی لێکۆڵینەوەین لە هەموو ئەو بژارانە، بەڵام جەخت دەکەینەوە کە ژیرترین و سەرکەوتووترین بژارە، بژارەی دیپلۆماسی و سیاسییە.

 

ئەو پەیامە سەرەکییەی دەیگەیەنینە ئێوەی هاوبەش و دۆستەکانمان لە جیهاندا: پەیامێکی نێودەوڵەتیی یەکگرتوو و روون ئاراستەی ئێران بکەن و داوای لێ بکەن دەستبەجێ و بێ مەرج ئەم دەستدرێژییانە بۆ سەر وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری رابگرێت.
 
لە هیچ رۆژێک لە رۆژان مەبەستمان تێکشکاندنی ئێران یان لاوازکردنی نەبووە، بەڵکو ئامانجمان بووە و هەیە بگەینە پەیوەندییەکی ئاسایی لەگەڵیاندا کە لەسەر بنەمای رێزی یەکدی و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ و دەستدرێژنەکردن بێت.
لێرەدا نموونەیەکی سەرنجڕاکێش دەهێنمەوە کە وێنەکە بە تەواوی کورت دەکاتەوە: سێ بچووکترین دەوڵەتی ئەنجوومەنی هاریکاری لە رووی رووبەر و دانیشتووانەوە کە بریتین لە شانشینی بەحرەین، دەوڵەتی قەتەر و دەوڵەتی کوێت؛ کۆی دانیشتووانیان ناگاتە ١٠٪ی دانیشتووانی ئێران کە ٩٠ ملیۆن کەسە، کەچی داهاتی نیشتمانییان (GDP) لەگەڵ داهاتی نیشتمانیی ئێران یەکسانە و لە زۆر ساڵدا تێیشی پەڕاندووە. لەسەر ئاستی داهاتی تاکیش، جیاوازییەکە زۆر زیاترە؛ داهاتی هاووڵاتییەک لە قەتەر یان ئیمارات لە نێوان ٥١ بۆ ٧٠ هەزار دۆلارە لە ساڵێکدا، لە کاتێکدا داهاتی هاووڵاتییەکی ئێرانی تەنیا ٤ هەزار دۆلارە. ئەم جیاوازییە تەواوی چیرۆکی هەڵبژاردنەکان دەگێڕێتەوە؛ ئێران دەیتوانی بگاتە کوێ ئەگەر وزەکانی بە دروستی ئاراستە بکردایە و وازی لە ململانێ و دەستدرێژی بهێنایە.
 
پرەنسیپە سەرەکییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتەکانی دەستدرێژیی ئێران:

 

پرەنسیپی یەکەم: تێگەیشتنی دروست بۆ راستییەکان. نابێت بە لۆژیکی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مامەڵە لەگەڵ ئەم دەستدرێژییە بکرێت کە زۆر کات بەکاردێت؛ ئەوەی ئێستا روودەدات پێشێلکارییەکی راشکاوی یاسای نێودەوڵەتییە و بە ئامانجگرتنی سیستماتیکی ئەو دەوڵەتانەیە کە لایەن نەبوون لە هیچ ململانێیەکدا. داوا لە دۆست و هاوبەشەکانمان لە هەموو پایتەختەکانی جیهان دەکەین ڕاستییەکان وەک خۆیان تێبگەن.
 
پرەنسیپی دووەم: ئاراستەکردنی پەیامێکی نێودەوڵەتیی یەکگرتوو. ئەمڕۆ هەموو دەوڵەتان بانگهێشت کراون بۆ جەختکردنەوە لە هەڵوێستیان بە رەتکردنەوەی ڕەهای دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری و ڕەفتارە تێکدەرەکانی لە ناوچەکە و جیهاندا کە چەندین دەیەیە نەوەستاوە. تێکچوونی بارودۆخ لە ناوچەی کەنداوی عەرەبی زەنگی مەترسییە و لە سنووری ناوچەکە ناوەستێت، بەڵکو لێکەوتەی زۆر مەترسیداری دەبێت کە سنوورە جوگرافییەکان دەبەزێنێت و ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی تێک دەدات و هەناردەی وزە و زنجیرەکانی دابینکردنی بازرگانی پەکدەخات کە دەمارگیرەی ئابووریی جیهانە.
پرەنسیپی سێیەم: بەشداریکردنی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری لە کێشانی نەخشەی داهاتووی ناوچەکە. جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستیی بەشداریکردنی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری لە هەر گفتوگۆ یان رێککەوتنێک بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و زامنکردنی دووبارە نەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە. بە دەنگێکی بەرز و راشکاو دەڵێین: هەر چوارچێوە یان دەستپێشخەری یان رێککاری هەرێمی کە بییەوێت نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای ئەم قەیرانە بگۆڕێت، بە رەهایی رەتکراوەیە.
 
کۆتایی: وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو بۆ چەندین دەیەیە کۆڵەکەی سەقامگیریی هەرێمی و نێودەوڵەتی بوون و سەرچاوەیەکی جێی متمانەی وزەی جیهانی و هاوبەشێکی بەرپرسیار بوون لە بونیادنانی ئابووریی نێودەوڵەتیدا و هەرواش دەمێننەوە. بەڵام قبووڵی ناکەین ببینە ئامانجی دەستدرێژی، قبووڵی ناکەین خاکەکەمان ببێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمییەکان، قبووڵی ناکەین خوێنی هاووڵاتییانمان یان ئەوانەی لای ئێمە نیشتەجێن بێ پاساو و بێ سزا بڕژێندرێت، و قبووڵی بەردەوامبوونی فێڵکردن و پۆشینی بەرگی پاساوی نادروست بۆ دەستدرێژییەکان ناکەین.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمریکا: رووسیا وێنەی سەتەلایتی و درۆن دەداتە ئێران

ئەمریکا: رووسیا وێنەی سەتەلایتی و درۆن دەداتە ئێران

لە واشنتنەوە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە رووسیا وێنەی سەتەلایتیی سەرجەم دامەزراوەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەداتە ئێران، هەروەها درۆن و مووشەکیش بۆ ئەو وڵاتە دەنێرێت.