رووداو دیجیتاڵ
ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان پشتڕاستیکردەوە، وڵاتەکەی نێوەندگیریی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا دەکات و دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لەنێوان هەردوو لایەندا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەستیپێکردووە.
رۆژی پێنجشەممە 26ـی ئاداری 2026، ئیسحاق دار، کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانی پاکستانە، لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: "دانوستاندنی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێران لە رێگەی ئەو نامانەوە بەڕێوەدەچێت کە پاکستان دەیانگوێزێتەوە."
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی پاکستان، ئەمریکا پێشنیازێکی "15 خاڵی" پێشکەش کردووە و ئێستا تاران خەریکی لێکۆڵینەوە و تاوتوێکردنی ئەو خاڵانەیە. ئاماژەی بەوەش کردووە وڵاتانی تورکیا و میسریش پاڵپشتی لەم دەستپێشخەرییە دەکەن.
ئەمە یەکەمجارە ئیسلامئاباد بە فەرمی و لەسەر ئاستی باڵا پشتڕاستی بکاتەوە کە رۆڵی نێوەندگیر لە جەنگی نێوان واشنتن و تاراندا دەگێڕێت. پاکستان بەهۆی پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ هەردوو وڵات، وەک لایەنێکی گونجاو بۆ ئەم نێوەندگیرییە دەبینرێت.
بەرپرسانی پاکستان ئاشکرایان کردووە کە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران و ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوە، لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران و هاوپەیمانە عەرەبەکانیان، بەتایبەت سعودیە.
هەروەها باس لەوە دەکرێت کە عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، بەشدارە لەم هەوڵە دیپلۆماسییانەدا و یەکشەممەی رابردوو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەو بارەیەوە قسەی کردووە.
هەڵوێستی ئێران
لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هەرچەندە "دانوستاندن"ی لەگەڵ ئیدارەی واشنتن رەتکردەوە، بەڵام دانی بەوەدانا کە "لە رێگەی وڵاتانی دۆستەوە" نامە لەنێوانیاندا دەگۆڕدرێتەوە.
عێراقچی لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی گوتی: "ئێستا سیاسەتی ئێمە بەردەوامبوونە لە بەرگری. مەبەستمان نییە دانوستاندن بکەین و تاوەکو ئێستا هیچ دانوستاندنێک نەکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ