چین: چەکی ئەتۆممان بە نهێنی تاقینەکردووەتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چین بە تووندی تۆمەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای رەتکردەوە کە گوایە بە نهێنی چەکی ئەتۆمی تاقیکردووەتەوە. پەکین ئەو تۆمەتانەی بە "درۆی پەتی" وەسف کرد و واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی، دەیەوێت پاساو بۆ دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی خۆی بهێنێتەوە.
 
رۆژی هەینی 06-02-2026، لە کۆنفرانسی داماڵینی چەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، تۆماس دینانۆ، بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری کۆنترۆڵکردنی چەک، چینی تۆمەتبار کرد بەوەی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی کردووە، لەوانەش یەکێکیان لە 22ـی حوزەیرانی 2020دا بووە. دینانۆ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، چین ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی گەورەتر دەکات.
 
وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "تۆمەتەکانی ئەمریکا بە تەواوەتی بێ بنەمان و درۆی پەتین. چین بە تووندی دژی هەوڵەکانی ئەمریکایە بۆ دروستکردنی پاساوی هەڵبەستراو تاوەکو تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی خۆی دەست پێ بکاتەوە." 
 
پەکین داوای لە واشنتن کرد کە دەستبەجێ کارە "نابەرپرسیارەکانی" رابگرێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو رایگەیاندبوو، واشنتن "لەسەر بنەمای یەکسانی" لەگەڵ مۆسکۆ و پەکین دەست بە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی دەکات، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەبارەی جۆری تاقیکردنەوەکان نەدابوو.
 
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدا دێن، دینانۆ پلانێکی نوێی ئەمریکای پێشکەش کرد بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنی سێ قۆڵی لە نێوان (ئەمریکا، رووسیا و چین) بە مەبەستی دانانی سنووری نوێ بۆ چەکە ئەتۆمییەکان. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە رێککەوتننامەی (نیو ستارت) کە دوایین پەیماننامەی ئەتۆمیی نێوان واشنتن و مۆسکۆ بوو، پێنجشەممەی رابردوو بەسەرچوو.
 
چین تاوەکو ئێستا بە هەموو شێوەیەک بەشداریکردنی لە دانوستاندنەکانی داماڵینی چەکی ئەتۆمی لەم قۆناخەدا رەتکردووەتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

  ئاڵای کوەیت و لوبنان

کوێت 8 نەخۆشخانەى لوبنان دەخاتە لیستی تیرۆرەوە

وەزارەتى تەندروستیى لوبنان سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بڕیارێکی وڵاتی کوێت دەربڕی کە تێیدا 8 نەخۆشخانەی ئەهلیی لوبنانی خستووەتە لیستی "تیرۆر". وێڕای دەربڕینی نیگەرانی، وەزارەتەکە رایگەیاند، لەرێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن تاوەکو پارێزگاری لە سیستەمی تەندروستیی وڵاتەکەیان بکەن.