رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێشتا زۆر دوورن لە بڕیاری ناردنی سەرباز بۆ ئێران، بە مەبەستی پاراستنی بنکە ئەتۆمییەکان؛ هاوکات ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر دەستنیشانکردنی موجتەبا خامنەیی، وەک رێبەری نوێ دەربڕی.
رۆژی دووشەممە 9ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"ی راگەیاند: "ئێمە هیچ بڕیارێکمان لەو بارەیەوە نەداوە و هێشتا زۆر لێیەوە دوورین." ئەم قسانەی ترەمپ وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو دەنگۆیانەی باس لە ناردنی هێزی پیادەی ئەمریکا دەکەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی بنکەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە نزیک شاری ئەسفەهان.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی رابەری نوێی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "رازی نییە" بەوەی موجتەبا خامنەیی تەمەن 56 ساڵ وەک جێگرەوەی باوکی دەستنیشان کراوە، بەڵام ئامادەنەبوو وردەکاریی پلانەکانی بەرامبەر رێبەرە نوێیەکە ئاشکرا بکات و تەنیا گوتی: "نایڵێم چ پلانێکم بۆی هەیە، بەڵام لێی رازی نیم."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە پێشتر ترەمپ هەڕەشەی کردبوو هەر رێبەرێک بەبێ رەزامەندیی واشنتن دەسەڵات بگرێتە دەست "زۆر نامێنێتەوە."
ترەمپ کە لە یانەی گۆڵفی "دۆراڵ" لە فلۆریداوە قسەی دەکرد، هەوڵیدا ئەو نیگەرانییانە بڕەوێنێتەوە کە سەبارەت بە ناردنی هێزی زەوینی بۆ ئەسفەهان دروستبوون، دوای ئەوەی رۆژی شەممە لە ناو فڕۆکەی "ئێر فۆرس وەن" بە پەیامنێرانی گوتبوو کە هێشتا باسی ئەو ئەگەرەیان نەکردووە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل دژی تاران پێی ناوەتە دووەم هەفتەوە. تاوەکو ئێستا هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر ئاسمانی و مووشەکی بوون و دەڵێن، توانیویانە توانای هێرشیی ئێران 90% کەم بکەنەوە.
واشنتن جەخت دەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکییان رێگریکردنە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. دۆناڵد ترەمپ هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە نایەوێت ئەمریکا پەلکێشی "جەنگە گەمژەکان" بکات و سەدان هەزار سەرباز بۆ ناوچەکە بنێرێ، وەک ئەوەی لە ئەفغانستان و عێراق روویدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ