رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە جەنگی ئێران تا رادەیەکی زۆر کۆتایی هاتووە و هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە تێکشکێنراون. دەشڵێت، ئەمریکا زۆر لەو خشتە کاتییە لە پێشترە کە بۆ جەنگەکە دیاریکرابوو.
رۆژی دووشەممە، 9ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، "پێموایە جەنگەکە تاوەکو رادەیەکی زۆر تەواو بووە. ئەوان نە هێزی دەریایی، نە سیستەمی پەیوەندی و نە هێزی ئاسمانییان ماوە". راشیگەیاند، ئەمریکا زۆر لە پێش ئەو خشتە کاتییە چوار بۆ پێنج هەفتەییەدایە کە سەرەتا مەزەندەی بۆ کرابوو.
رۆژی 28ی شوبات ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. ئێران لە وەڵامدا ژمارەیەک مووشەک و درۆنی ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کرد.
سەبارەت بە دەستنێشانکردنی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "هیچ پەیامێکم بۆی نییە، بە هیچ شێوەیەک". ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، کەسێکی لە مێشکدایە بۆ ئەوەی شوێنی خامنەیی بگرێتەوە، بەڵام وردەکاری زیاتری لەو بارەیەوە نەدا.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران موجتەبا خامنەیی بە رێبەری نوێی وڵاتەکەی دیاریکردووە. ئەمە لە کاتێکدابوو پێشتر چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ریاگەیاندبوو، دژی دیاریکردنی موجتەبا دەبێت وەکو رێبەری ئێران.
دەربارەی تەنگەی هورمز، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا کەشتییەکان لەوێوە هاتووچۆ دەکەن، بەڵام ئەو "بیر لەوە دەکاتەوە دەست بەسەر تەنگەدا بگرێت". سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی دایە تاران و گوتی: "ئەوان هەرچییەکیان هەبووە بۆ تەقاندن، تەقاندوویانە. باشترە هەوڵی هیچ شتێکی 'سەیروسەمەرە' نەدەن، ئەگەرنا ئەوە دەبێتە کۆتایی ئەو وڵاتە".
لە دووەم رۆژی جەنگەکەشەوە ئێران تەنگەی هورمزی داخست و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هەر کەشتییەکیشی کرد، کە بە تەنگەدا تێپەڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ