رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاریکی سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، سەرۆکی وڵاتەکە و هاوتا ئەمریکییەکەی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی "راشکاو و بنیاتنەردا" جەنگی ئێران و ململانێی ئۆکرانیایان تاوتوێ کرد. ئەمە یەکەم گفتوگۆی نێوان هەردوو سەرۆکە لە دوای مانگی کانوونی یەکەمی رابردووەوە.
رۆژی دووشەممە، 9ی ئاداری 2026، یوری ئوشاکۆڤ، راوێژکاری دیپلۆماسی پوتین رایگەیاند، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە یەک کاژێری خایاندووە و لەسەر داوای واشنتن ئەنجامدراوە. ئوشاکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، "جەخت کرایەوە لەسەر بارودۆخی دەوروبەری جەنگی ئێران و ئەو دانوستانە دووقۆڵییانەی لەگەڵ نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئۆکرانیا لە ئارادان".
بەپێی گوتەی راوێژکارەکەی کرێملین، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا داوای "چارەسەرێکی خێرای سیاسی و دیپلۆماسی" کردووە بۆ جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، کە هاوپەیمانێکی سەرەکی رووسیایە. سەبارەت بە ئۆکرانیاش، پووتین باسی بارودۆخی بەرەکانی جەنگی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە و رایگەیاندووە کە "هێزەکانی رووسیا بە سەرکەوتووییەکی زۆرەوە لە پێشڕەویدان".
ئوشاکۆڤ گوتیشی، پوتین بە ئەرێنی هەڵسەنگاندنی بۆ "هەوڵە نێوەندگیرییەکانی ترەمپ" لە ململانێی ئۆکرانیادا کردووە. هەرچەندە تاوەکو ئێستا چەندین گەڕی دانوستان لەنێوان بەرپرسانی رووسیا و ئەمریکا و ئۆکرانیا بەڕێوەچووە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێکی کردەیی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست بەدی نەکراوە.
رۆژی 28ی شوبات ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. ئێران لە وەڵامدا ژمارەیەک مووشەک و درۆنی ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کرد. جەنگی رووسیا و ئۆکرایناش نزیکەی چوار ساڵە بەردەوامە. ئەمە دوای ئەوەی مۆسکۆ هێرشیکردە سەر کیێڤ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ