رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە ناو خاکی ئێران "بەم زووانە" کۆتاییان دێت.
رۆژی دووشەممە 09-03-2026 سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە فلۆریدا، دوای ئەوەی بە ئەندامانی کۆنگرێسی گوتبوو ئەم جەنگە "گەشتێکی کورتخایەن" دەبێت، گوتی: "جەنگەکە زۆر زوو کۆتایی دێت، بەڵام ئەگەر دووبارە دەستپێبکاتەوە، ئەوا زۆر تووندتر لە پێشوو لێیان دەدەین." ئەم لێدوانانە وایکرد نرخی نەوت کە بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرزبووەوە، 5٪ دابەزێت.
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران موجتەبا خامنەییی تەمەن 56 ساڵ و کوڕی عەلی خامنەیی وەک رێبەری نوێی وڵاتەکە دیاریکرد. سوپای پاسدارانی ئێران لە وەڵامی ترەمپدا رایگەیاند: "ئێمە کاتی کۆتاییهاتنی جەنگ دیاری دەکەین، نەک ئەمریکییەکان."
میدیای فەرمیی ئێران دیمەنی هەزاران کەسی بڵاوکردەوە کە لە تاران بۆ پشتگیریی رێبەرە نوێیەکەیان رژاونەتە سەر شەقامەکان. ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاش، بەڵێنی "پشتگیریی بێوچان"ـی بۆ تاران دووپات کردەوە.
لە یەکەم رۆژی دەسەڵاتی موجتەبا خامنەییدا، ئێران شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی کردە سەر سعودیە، بەحرێن، قەتەر، ئیمارات و ئیسرائیل. بۆ دووەمجار لە ماوەی پێنج رۆژدا، مووشەکێکی ئێرانی بەرەو ئاسمانی تورکیا (ئەندامی ناتۆ) هاوێژرا، بەڵام بەرگرییە ئاسمانییەکانی ناتۆ پێش گەیشتن بە ئامانجەکەی تێکشیکاند.
تەنگەی هورمز کە نزیكەی 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بە تەواوەتی داخراوە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی و هاوپەیمانەکانی خەریکی ئامادەکردنی ئەرکێکی "بەرگرین" بۆ کردنەوەی تەنگەکە و پاراستنی کەشتییەکان.
زیانە گیانییەکان
ئیسرائیل و بەحرێن: لە تەلئەڤیڤ لانیکەم ئیسرائیلییەک بەهۆی پارچەی مووشەکەوە کوژرا. لە مەنامەی پایتەختی بەحرێنیش، هێرشێکی ئێرانی بۆ سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە.
لوبنان: جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا تووندتر بووەتەوە. لە 2ـی ئادارەوە، لانیکەم 486 کەس لە لوبنان کوژراون و زیاتر لە 1,300 کەسیش بریندار بوون. جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان حیزبوڵڵای تۆمەتبار کرد بەوەی وڵاتەکە بەرەو "داڕمان" دەبات.
جەنگەکە ئێستا لە هەموو لایەکەوە ناوچەکەی گرتووەتەوە و هێشتا گومانێکی زۆر لەسەر بەڵێنەکەی ترەمپ هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم پێکدادانە گشتگیرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ