رووداو لەنێو ماریوپۆلی ئۆکراینا؛ خەڵک بە ئەستەم ئاویان دەستدەکەوێت

09-05-2022
كامیز شەدادی
کامیز شەدادی، پەیامنێری رووداو لە ماریوپۆل لەگەڵ دوو منداڵدایە، کە بەدوای پەیداکردنی ئاودان. وێنە: رووداو
کامیز شەدادی، پەیامنێری رووداو لە ماریوپۆل لەگەڵ دوو منداڵدایە، کە بەدوای پەیداکردنی ئاودان. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - ماریوپۆل

لەناو شاری ماریوپۆل سەرباز و تەکنیکی سەربازیی دیارنین، شەڕ لە کۆڵانەکان نەماوە، بەڵام دەنگی تەقینی تۆپ و بۆمب هێشتا ماون. بۆردوومانی کارگەی ئاسنی ئازۆڤستاڵیش بەردەوامە.
 
لە ماریوپۆل کارەبا، ئاو و گاز نەماون، هاتووچۆی خەڵکیش زۆر کەم بووەتەوە، ئەوانەشی لەسەر شەقامەکان دەبیندرێن، بۆ ئاو و پێداویستیی سەرەتایی ژیان دەگەڕێن.
 
پۆلیای تەمەن هەشت ساڵ و ماکسیمی 11 ساڵ هاوسێی یەکدین، ئەگەر هاوکاری نەکرێن، ماڵباتی هەردووکیان بێ ئاو دەبن. تاتیانا کراڤتسیڤا، دانیشتووی ماریوپۆل دەڵێت، "خانووەکەم رووخا و هیچ شتێکم نەماوە، تەنیا خۆم و هاوژینەکەمین، ئەویش ئەگەر بتوانێت سێ هەنگاو بنێت، تەنگەنەفەسە و ناتوانێت بڕوات، ئێستا لە نهۆمی چوارەمی باڵەخانەیەکین، هاوژینەکەم نە دەتوانێت بچێتە خوارەوە و نە دەتوانێت بچێتە سەرەوە. ژیانمان ئێستا ئاوایە و هیچ هیوام نەماوە. نامەم بۆ بەرپرسان ناردووە، بەڵام کەی ئەنجامێک دەبێت؟ نازانم."
 
دانیشتووانی ماریوپۆل مانگی جارێک یارمەتیی مرۆیی وەردەگرن، هەربۆیە هەر یارمەتییەکی بچووک بۆ ماڵباتی پۆلیا زۆر بەنرخ و بە بەهایە.
 
یولیا، دانیشتووی ماریوپۆل دەڵێت، "قورسە، زۆر قورسە بەیانیی زوو هەستم، ئاو بهێنم، دار کۆبکەمەوە و ئاگر بکەمەوە، خواردن بۆ منداڵەکانم دروستبکەم. ئەو هاوکارییەی پێشکێش دەکرێت، زۆر کەمە و بەشناکات. ماوەی سێ مانگە کچەکەم ناچێتە قوتابخانە، تاوانی چییە؟"
 
بۆمب بەر ماڵی یولیا کەوتووە، بەڵام خۆشبەختانە ئاگرەکە زوو کۆنترۆڵکراوە و ماڵەکەی یولیا نەسووتاوە؛ ئەو باس لەوە دەکات، ماڵەکەی نە پەنجەرەی هەیە، نە گازی تێدایە و نە رووناکیی هەیە، "لە دەرەوەش ئاو نییە، منداڵەکان ئاو دەهێنن، هەموو شەوێک خانووەکەمان بەهۆی بۆردوومانەوە دەلەرزێت، منداڵەکان هەمیشە لەنێو ترسدان، ئەگەر دەسەڵاتداران دەیانویست کێشەکان چارەسەر بکەن، بەباشی چارەسەریان بکردبایە، تاوانی ئێمە چییە؟"
 
یولیا پێشتر کارێکی باشی هەبووە و بەشێوەیەکی باش ژیانی دەگوزەراند، بەڵام ئێستا هەموو هەوڵێکی یولیا، هاوشێوەی ئەو خەڵکەی لە ماریوپۆل ماون، بۆ ئەوەیە کە لەسەر پێی خۆیان بوەستن و لە ژیاندا بمێننەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AA/ Kyle Mazza

ترەمپ بۆ رووداو: باشترە ئێران رێککەوتنێکی دادپەروەرانە بکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، باشترە ئێران بە دانوستاندن بگاتە "رێککەوتنێکی دادپەروەرانە" و گوتیشی، 32 هەزار کەس لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی دژی حکومەت، لە ئێران کوژراون